Accessibility links

شوێنەوارناسان: ملیۆنێک و 500 هەزار ساڵ لەمەوبەر باوانی مرۆڤ کەرەستەیان لە ئێسکی ئاژەڵ دروستکردووە


شوێنەوارناسان دەڵێن بەڵگەی زانستی نوێیان دۆزیوەتەوە کە دەیسەلمێنێت باوانی ئێمە زۆر لەوە زیرەکتربوون کە پێشبینی کراوە، بە شێوەیەک نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار ساڵ لەمەوبەر توانیویانە کەرەستە لە ئێسکی ئاژەڵ دروستبکەن.

لێکۆڵینەوەیەکی زانستی کە دوێنێ (5ـی سێی 2025) لەگۆڤاری سروشت بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، شیکاری 27 پارچە ئێسک کە لە باکوری تەنزانیا دۆزراونەتەوە دەیسەلمێنێت لەلایەن باوانی مرۆڤەوە تیژکراون و شێوەیان گۆردراوە.

ئێسکەکان پاشماوەی فیل و ئەسپی ئاوین، بۆ یەکەم جار ساڵی 2018 دۆزرانەوە و شوێنەوارناسان هەتا ساڵی 2022 سەرقاڵی دەرهێنانیان بوون لە ژێر گڵ.

لێکۆڵینەوەکە دەڵت کەرەستە ئێسکییەکان لەسەر شێوەی یەکتر داتاشراون و درێژی هەندێکیان دەگاتە نزیکەی 38 سانتیمەتر و ڕەنگە بە بەکارهێنانی بەرد تیژکرابن.

ئەمە بە کۆنترین بەڵگەی بەکارهێنانی ئێسکی ئاژەڵ وەکو کەرەستە دادەنرێت.

پێشتر لێکۆڵەران بەڵگەی بەکارهێنانی بەردیان وەک کەرەستە دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 3 ملیۆن و 300 هەزار ساڵ لەمەوبەر. بەڵام هەتا دۆزینەوەکەی دوێنێ، کۆنترین بەڵگەی بەکارهێنانی ئێسک لە کەرەستەسازیدا تەنها لە ناوچەیەکی شوێنەواری ئەوروپا دۆزرابوویەوە و پێشبینی دەکرا تەمەنی کەرەستەکان لە نیوان 250 هەزار ساڵ بۆ 500 هەزار ساڵ بێت.

دیمەنی یەکێک لە کەرەستە ئێسکییە دۆزراوەکان.
دیمەنی یەکێک لە کەرەستە ئێسکییە دۆزراوەکان.

زانایان دەڵێن ئەم دۆزینەوەیە بەڵگەی ئەوەیە باوانی مرۆڤایەتی ماوەیەکی زۆر لەمەوبەر توانای عەقڵییان ڕێگەی بە بیرکردنەوەی ئاڵۆز و شیکاری ئاڵۆز داوە.

دکتۆر ئیگناسیۆ دێ لا تۆڕێ کە سەرپەرشتی لێکوڵینەوەکەی کردووە، لە ئەنجومەنی نیشتمانی توێژینەوەی ئیسپانیا، لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، "ئەم فراوانبوونە لە توانای بەکارهێنانی ئامێر ئاماژەیە بە گەشەسەندویی توانا عەقڵی و دەروونییەکانی ئەم هۆمینینانە (خێزانی مرۆڤ و باوانی). ئەوان زانیویانە چۆن داهێنانی تەکنیکیی بکەن بە بەشێک لە ژیانیان، ئەویش لە ڕێگەی گونجاندنی شارەزاییان لەسەر بەرد و بەکارهێنانی بۆ گۆڕانکاری لە پاشماوەی ئێسک."

زانایان دەڵێن ئەم دۆزینەوەیە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئاشانبوون بە پرۆسەی پەرەسەندنی مرۆڤ لە چەند باوانێکی پڕایمەیتی (Primate) شێوە ئەیپ (مەیمونی بێ کلک).

بە گوێرەی مۆزەخانەی نیشتیمانیی سمیسۆنی ئەمەریکا بۆ مێژووی سروشت، بەڵگە زانستییەکان ئەوە دەریدەخەن سیفەتە جەستەیی و ڕەفتارییەکانی مرۆڤ لە باوانێکی هاوشێوەی مەیمونەوە سەرچاوەیان گرتووە و لە ماوەی نزیکەی شەش ملیۆن ساڵدا پەرەیان سەندووە.

XS
SM
MD
LG