Accessibility links

ڕۆیتەرز: ئەمەریکا بەنیازە پلانێک بۆ پشکنینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بخاتەکارەوە


ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕۆژی پێنجشەممە 6ی مانگی سێ لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا بڵاویکردوەتەوە حکومەتی ئەمەریکا بیر لە پلانێک دەکاتەوە بۆ پشکنینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمەش لەژێر ناوی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژی.

ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەسەر ئەو ڕێگایانەی کە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا بتوانن لەڕێگایانەوە ئەو کەشتیانە بوەستێنن و پشکنینیان بۆ بکەن کە بە خاڵە سەرەکییە دەریاییەکانی وەک دەربەندی مالاکان لە ئاسیا و ڕێڕەوی دەریایی دیکەدا تێدەپەڕن.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز ئەم کارەی وەک بەشێک لە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی بە ناوی "پلانی ئاسایشی لە دژی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ" ناودێر کردووە. ئەم پلانە 22 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئەمەریکاوە پێشنیار کراوە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی چەکی کۆمەڵکوژ و زیاتر لە سەد وڵاتی جیهان واژۆیان لەسەر کردووە.

دەربەندی مالاکان ڕێرەوێکە کە دەریای ئەندامان لە زەریای هیندی بە دەریای باشووری چین لە زەریای هێمن دەبەستێتەوە.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز باس لەوە دەکات کە ئەم کارە دەبێتە هۆی دواخستنی ڕادەستکردنی نەوتی خاو بۆ پاڵاوگەکان و زیان بە هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەدەستهێنانی داهات دەگەیەنێت.

یەکێک لەم سەرچاوانە ڕوونیکردوەتەوە "پێویست ناکات کەشتیەکان نوقم بکەیت یان خەڵک دەستگیر بکەیت بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی ڕێگری دروست بکەیت؛ شایەنی ئەوە نییە مەترسی لەسەر بکرێت. دواکەوتنی گەیاندنی باری نەوتی ئێران نادڵنیایی دەخاتە ناو تۆڕی بازرگانی نایاسایی و ئەمەش خۆی زیانیان پێدەگەیەنێت."

کۆمپانیاکانی چاودێریکردنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان تا ئێستا زیاتر لە 500 نەوتهەڵگریان دەستنیشان کردووە کە تێوەگلاون لە قاچاخچێتی نهێنی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران کە تەنیا 45%یان سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

توندترکردنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بەندەرەکانی چین. بەجۆرێک کە لە دوو مانگی ڕابردوودا تێکڕای ڕۆژانەی ڕادەستکردنی نەوتی ئێران بۆ چین نزیکەی 700 هەزار بەرمیل بووە کە کەمترە لە نیوەی تێکڕای ساڵی ڕابردووە.

سەرەڕای دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بەندەرەکانی چین، بەڵام هێشتاش هەناردەی نەوت لە بەندەرەکانی ئێرانەوە بە توندی بەردەوامە.

ڕۆیتەرز نووسیوێتی ئیدارەی ترامپ بیر لەوە دەکاتەوە کە ئایا دەتوانرێت پشکنینی دەریایی لە ژێر چاودێری دەستپێشخەری ئاسایشی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژی جێبەجێ بکات یان نا؟

بەگوێرەی سەرچاوەیەک ئەم میکانیزمە دەتوانێت ڕێگە بە حکومەتە بیانییەکان بدات کە لەسەر داوای ئەمەریکا باری نەوتی ئێران ڕابگرن و پشکنینیان بۆ بکەن.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز دەڵێت ڕاگرتن و پشکنینی کەشتیە نەوتهەڵگرەکانی پەیوەست بە ئێران دەتوانێت وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی لێبکەوێتەوە، چونکە هەوڵەکانی پێشوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی باری نەوتی ئێران بە وەڵامی بەرامبەری کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بووەتەوە.

بۆ نموونە بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن لە ساڵی 2023دا لانیکەم دەستی بەسەر دوو باری نەوتی ئێراندا گرت و ئێرانیش تۆڵەی کردەوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG