ئیسرائیل لەم ماوەیەی ڕابردوودا و هاوکاتی پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داکۆکییەکی بێپێشینە لە دۆزی کورد دەکات لە ناوچەکەدا و بەتایبەتیش کورد لە سوریادا.
دکتۆر ئەحمەدی مەلا، نووسەر و ڕوناکبیر، وەک ئاماژەی پێدەکات ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڕاستەیەکی تری بەخشیوە بە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە لە پەیوەندی بە کوردەوە و دەڵێت "پەیوەندی نیوان کورد و ئیسرئیل دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەلا مستەفای بارزانی. بەڵام، وەک هەموو دەزانین، ئەم پەیوەندییە بە شێوەیەکی نهێنی و زۆر شەرمنانە باسی لێوە دەکرێت. هۆکار بۆ ئەمەش زۆرن، یەکەم هەستەوەریی کورد لەوەی کە ئێمە هاوسێی عەرەبین و بەشێکین لە عێراق و بۆ وڵاتانی عەرەبی کێشەی فەلەستین لە دوای 1948ەوە هەتا ئەم دواییانەش مەسەلەیەکی سەنترال بوو، بۆیە ئاشکراکردن و قسەکردنی زۆر لەو ڕووەوە رەنگە قازانجی زۆری بۆ کورد نەبوایە. هەروەها نەبوونی سنووری هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل ئەم هاوکێشەیەی زیاتر ئاڵۆز کرد
بەڵام، لەم ساڵانەی دواییدا و بە تایبەت لە دوای ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەرەوە کە پشتێنەی شیعیی تووشی شکست بوو، هەروەهاش سەرهەڵدانی جوگرافیایەکی سیاسیی لە ڕۆژئاڤا، ئەگەرەکانی ئەم پەیوەندییەی بەرەو شییانی زۆر، ئاوەڵا کردووە. بۆیە لەم گۆڕانکارییە جیۆسیاسییانە ئەگەری دیکە لە ئارادایە."
دکتۆر سەردار عەزیز، پسپۆڕی سیاسی باس لەو هەوڵانە دەکات کە پەیوەندییان بە هەبوونی ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێوە هەن و واتە ئەو ڕەوشەی لە ساڵی 2006دا لە زاری کۆندۆلیزا ڕایس، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمەریکا و ئێستاش لە بەنیامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیلەوە دەبیسترێت.
دکتۆر سەردار دەڵێت "لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە نوێیەدا 3 نێوەندی هێز هەن، ئیسرائیل و تورکیا و وڵاتانی کەنداو. کەنداو هێزێکە ڕاستەوخۆ نییە، هەرچەندە کاریگەری و ڕۆڵیشی زۆر چڕ بووەتەوە، تورکیا و ئیسرائیل دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا پتەو بێت بۆ ئەوەی دەستیان بگاتە سامان و وزە؛ لەم ڕێیەشەوە کوردیش لە پرۆسەکەدایە، هەم لە عێراق و هەمیش لە سوریادا. دەشێت هەندێک لە گۆڕانکارییەکان بە سودی کورد بن بەتایبەتی کە ئێران و عێراق لاواز دەبن و سوریاش بەو ڕەوشەوە کە هەیەتی، بەڵام ڕەنگە مەترسی ئەوەیشی تیادا بێت کە تورکیا بەهێز دەبێت، بێگومان ئەمانە هەمووی کاریگەرییان دەبێت لەسەر ئەو دۆخە جیۆپۆڵەتیکییەی کە دێتە ئاراوە."
لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژووی نوێی ئەو ناوچە پڕ لە گێرمە و کێشەیەی جیهاندا، بەردەوام کورد لە ئێران و عێراق و سوریا و تورکیاشدا داوای مافەکانی خۆی کردووە، بەڵام هەمیشەش وەک هەوڵێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی داواکانی کورد، نەیارانی ئەم نەتەوەیە کوردیان گوناهبارکردووە بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلێکی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ لە کاتێکدا وڵاتەکانی خۆیان پەیوەندی ڕاستەوخۆ و فەرمی یانیش ناڕاستەوخۆ و نافەرمییان هەن لەگەڵ دەوڵەتی جوودا.
دکتۆر سەردار لەوبڕوایەدایە پرسی پەیوەندییەکانی کورد و ئیسرائیل وەک تابویەک سەروسەودای لەگەڵدا دەکرێت هەربۆیەشە ئەم ڕاستییە وەهای کردووە نەتوانرێت بە شێوەیەکی ئەقڵانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەڵێت "لێکچواندنی کورد بە دەوڵەتی ئیسرائیل، بەشێکە لە ستراتیژیەتێک کە ئیسرائیل تەنها وەک دەوڵەتێک نابینێت بەڵکو وەک چوارچێوە یان شێوازێک لە مامەڵەکردن یان نەفرەت کردن دەبینرێت لە ئەقڵیەتی زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەکەدا، هەربۆیەشە دەبینین ئەوانە دەیانەوێت کورد بخەنە ناو ئەو چوارچێوەیەوە و هەمان وێنای ئیسرائیلی بۆ دروست بکەن و هەستی ئەو خەڵکە بوروژێنێت و هەستی دژە ئاینیی لە بەرامبەردا دروست بکات، بەو مەبەستەی خەڵکی زۆرینە موسڵمانی ناوچەکە لە پرسی کورد تێنگەن و بە دیدێکی نەخوازراو و نەفرەتیشەوە سەیری بکەن، لە کاتێکدا کارتێکی بەهێزیش دەبێت بۆ ئەوانە هەتا کورد نەتوانێت سود لە هیچ دەرفەتێک ببینێت."
زۆر وڵاتی تریش لەوانە شانشینی ئوردون، میسر، سودان، مەغریب و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و هەروەها ژمارەیەکی بەرچاوی وڵاتانی ئیسلامییش، پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ دەوڵەتی جوودا.
تورکیا، یەکێکە لەو وڵاتە موسڵمانانەی پەیوەندییەکی دۆستانەی نزیکی هەیە لەگەڵ ئیسرائیلدا، هەرچەندەش هەڵکشان و داکشانیشی بە خۆوە بینیوە.
دکتۆر ئەحمەدی مەلا دەڵێت "تورکیا یەکەم وڵات بوو، ئەگەر زاکیرە خیانەتم لێنەکات، کە ددانی بە دەوڵەتی ئیسرائیل نا. لە پەنجاکانیشەوە بوو بە ئەندامی ناتۆ، نزیکایەتی لە بازاڕی ئەوروپی، گشت ئەمانە جۆرە رۆڵێکی بەخشییە تورکیا کە نەتوانێت دژایەتی ئیسرائیل بکات و ڕاستییەکەشی لە بەرژەوەندی ئەودا نەبوو، بەڵام دوای هاتنی ئەردۆگان بۆ سەر دەسەڵات کە ڕەهەندێکی ئیخوانی بەسەر پارتەکەیەوە هەیە، ئەم پەیوەندییە هەڵکشان و داکشانی زۆری بە خۆیەوە بینی، ڕەنگە ئێستا ئەم پەیوەندییە بە ساتەوەختێکی قەیراناوییدا تێپەڕێت، بەڵام، تورکیا، لە هەموو لەحزەیەکدا ئامادەیە بچێتە ژێر ڕکێفی ئیسرائیل بە مەرجێک خۆسەری ڕۆژئاڤا لە ناو بەرێت، بەڵام تا ئێستا، لە ڕووی گوتارەوە، ڕەنگە زیاتر و زیاتر دژایەتی ئیسرائیل بکات لە پێناو ئەو مەبەستەی ئاماژەم پێکرد."
دکتۆر ئەحمەد، وەک باسی دەکات دەرفەتێک بۆ کورد هاتۆتە ئاراوە و دەڵێت "ئەم دەرفەتەش بۆ کورد، بە تایبەتی بۆ ڕۆژئاڤا ڕەخساوە کە پەیوەندییەکانی پتەوتر بکات لەگەڵ ئیسرائیل، لە گوتارەوە بیگوازێتەوە بۆ بواری کردار. ئەوکات دەشێت لە ڕووی جیۆپۆلیتیکەوە کاریگەریی زۆر پۆزەتیڤی هەبێت هەم بۆ ئێمە هەم بۆ ئەوان، چونکە ڕێ لە هیلالی شیعە دەگرێت، ئەمەش پرسە گەورەکەیە بۆ ئیسرائیل."
گەورە کاربەدەستانی ئیسرائیل، لەم کاتەدا پشتیوانی ڕادەگەیەنن بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەتایبەتیش لە سوریادا، بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا دەوڵەتی جوو وەها دەڕوانێتە کورد کە فاکتەرێکە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یان نا.
دکتۆر ئەحمەدی مەلا دەڵێت "ئەم پرسە پەیوەندیی بە پێشهاتەکانی ئایندەی نزیکەوە هەیە. ئایا کورد دەتوانێت بە کردەیی ئەم هەلە بقۆزێتەوە، مەبەستم، سەرەتا بۆ خۆسەری رۆژئاڤا، لە هەنگاوی دووەمدا، رەنگە باشووریش بچێتە ناو ئەم هاوکێشەیە ئەگەر ئەمەریکاش بە ڕوونی بێتە سەر خەت. بە بۆچوونی من، ئەمە یەکەم و دوا چارەسەرە کە کورد بگەیەنێتە کەناری ئارام. ڕەنگە ئیسرائیل ئەو زەریایە بێ کە کورد نییەتی. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئیسرائیل ئەمە ناکات تاکو بە تەواویی تورکیا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و فشاری زیاتری لێ بکات؟ ئەمەش پرسیارێکە. لە هەموو بارێکدا، ئێمە بەرەو رووی گۆڕانکاریی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەنددا هەنگاو دەنێین. چ کاریگەرییەکی ئەرێنی بەر کورد دەکەوێت ئەمە پەیوەندیی بە ئامادەسازیی خودی کوردەوە هەیە.
لە بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجەلان ئاماژە بۆ ئەوە کرا بوو کە دەبێ کورد لە پڕۆژەی ئیمپریالی خۆی بە دوور بگرێت، وەک ئەوەی تورکیا تاکو ئێستا بەشێک نەبووبێت لە پرۆژەی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا؟ دەبێت کورد بەرە پیریی هەموو لایەنێکدا بڕوات ئەگەر بەرژەوەندی ئەوی تیا بوو
ئێمە لە هەموو بارێکدا، دەمێکە بەوە تاوانبار کراوین کە دەبین بە ئیسرئیلی دووەم لە ناوچەکەدا."
دکتۆر سەردار، دەڵێت "ئیسرائیل ئێستا لەگەڵ پرسی کورددا دەدوێت و پێی ناخۆشە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکردووە؛ لێرەدا دەبێت بڵێم کە گرەوەکە بۆ کورد زۆر گەورەیە کە پشت لە وڵاتێکی وەک تورکیا یان سوریا بکات کە متمانەی پاراستنی ئاسایشیی نییە؛ لە هەمان کاتیشدا پێویست ناکات کورد دوژمنایەتی ئیسرائیل بکات هاوکاتی ئەوەی ناتوانێت پشت بە دۆستایەتییەکەی ببەستێت؛ هەربۆیە پێویستە کورد لە ئێستادا نەبێتە بەشێک لە کارنامەی هیچ لایەنێکی ناوچەکە."