خانمە چالاکوانی پاکستانی و براوەی خەڵاتی نوبڵ، ئەمڕۆ پێنجشەممە و بۆ یەکەم جار لە پاش 13 ساڵ گەڕایەوە زێدی خۆی لە باکوری پاکستان.
مەلالە یوسفزەی هەر لەگەڵ گەیشتنی بۆ ناوچەی شانگلە، لەلایەن کەسوکاری و خەڵکی ناوچەکە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا. لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی دیوەی دەنگی ئەمەریکا وتی،"دەمەوێت بڵێم بۆ من ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر خۆشە. خەونم بەم ڕۆژە دەبینی. کاتێک ئەمڕۆ بە فڕۆکە بۆ ئێرە هاتین، خەو نەدەچووە چاوەکانمەوە چونکە هەر خەیاڵم لای شانگلە بوو، لای چیا و چەم و دار و درختی بوو، وە لە هەمووی زیاتر کچانی شانگلە بوو. ئەمڕۆ ڕۆژێکی هێندە خۆشە هێشتا وەها دەزانم خەوە. ئینشاالله ئەم خەوە هەتا کۆتایی ژیانم لەگەڵمدا دەبێت. شانگلە شوێنێکی دڵڕفێنە و خەڵکەکەی میواندۆست و ماندوونەناسن."
هەروەها لەسەر پێگەکەی لەسەر ئێکس لە بارەی زێدی خۆیەوە نووسیویەتی،"کاتێک منداڵ بووم، هەموو ڕۆژانی پشووم لە شانگلە بەسەر دەبرد، لە پاڵ ڕووبارەکە لەگەڵ خێزانەکەم یاریم دەکرد و نانم دەخوارد. خۆشحاڵم ئەمڕۆ بۆ ئێرە دەگەڕێمەوە، لە پاش 13 ساڵ، تاوەکو لە نێو ئەم چیایانەدا بم و دەستەکانم بخەمە ناو ئاوی ئەم ڕووبارە ساردەوە و لەگەڵ ئامۆزا و پورزا و خاڵۆزا خۆشەویستەکانم بم. ئەم شوێنە زۆر لام ئازیزە و هیوادارم بەردەوام بۆی بێمەوە.
داوا لە خودا دەکەم ئاشتی هەموو شوێنێکی ئەم وڵاتە جوانەمان بگرێتەوە. هێرشەکانی ئەم دواییە، بەوەی دوێنێشەوە کە لە بانو ڕوویدا، دڵتەزێنن. پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم و نوێژ و نزا دەکەم هەموو تاکێکی ئەم نیشتمانە سەلامەت بێت."
مەلالەی تەمەن 27 ساڵ، لە ساڵی 2012 و لە تەمەنی 15 ساڵی بەهۆی داکۆکیکردنی لە مافی کچان و ژنانی ناوچەکەی لەلایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە کرایە ئامانج و تەقەیان لێکرد و لە ئاکامدا زۆر بە قورسی برینداربوو، بۆیە بۆ چارەسەرکردنی برینەکانی برا بۆ بەریتانیا. ساڵی 2014 خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتیی بردەوە لە بەرامبەر خەبات و تێکۆشانی لە پیناو بەدەستهێنانی مافی خوێندن بۆ کچان.