ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رۆژی پێنجشەممە 6ی مانگی سێ بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوەی فەرمی ئاگادار لە بابەتەکە بڵاویکردوەتەوە دانوستانەکان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی تورکیاوە کە ماوەی دوو ساڵە ڕاگیراوە، بۆ دووەمجار لە ماوەی هەفتەیەکدا شکستی هێناوە.
چوار سەرچاوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا بۆ یەکەمجار بەشداری گفتوگۆکانی کردووە کە لە بارەگای وەزارەتی نەوتی عێراق لەو شارە بەڕێوەچووە.
واشنتن فشاری خستوەتە سەر عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و ماوەیەک پێش ئیستاش رۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا لەمبارەیەوە ڕایگەیاند بەڕێوبەرایەتی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا داوای لە عێراق کردووە ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بدات و ئەگەر ڕێگر بێت ئەوا ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
هەڵوێستی بەڕیوبەرایەتی ئەمەریکا بەشێکی ڕەنگدانەوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ە لەسەر ئێرانی دراوسێی عێراق بۆ کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی تاران و بڕینی داهاتی نەوتی ئەو وڵاتە.
یەکێک لە دوو سەرچاوە فەرمییەکە ڕایگەیاندووە خاڵی سەرەکی گفتوگۆکان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەدا لەسەر نرخەکان بووە.
بەئەنجام نەگەیشتنی گفتوگۆکانی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە کە گفتوگۆکانی ڕۆژی چوارشەممەش بۆ خێراکردنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەهۆی ناکۆکی لەسەر مەرجەکانی نێوان کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەتایبەتی لەسەر چۆنیەتی پارەدان بە کۆمپانیا بیانییەکان ئەنجامی نەبوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی ڕۆژی پێنجشەممە بە رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە وەزارەتی نەوتی عێراق پێداگری لەسەر 16 دۆلار کردووە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک کە نزیکەی 185 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لەخۆ دەگرێت، بەڵام ڕایگەیاندووە ئەم نرخە بۆ سەرجەم بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکات و کۆمپانیاکانیش بە توندی ئەمەیان ڕەتکردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە بەغدا پێشتر بەڵێنی دابوو کە نرخەکە هەموو بەرهەمەکان دەگرێتەوە بەڵام دواتر پاشەکشەی کردووە.
بەرپرسێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە زانیاری ڕاستەوخۆی لەسەر ئەو بابەتە هەیە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە لەسەر داوای واشنتن بەشداری دانوستانەکانی ڕۆژی پێنجشەممەی کردووە.
ئەو بەرپرسە وتی "ئامادەبوونی ئەو دیپلۆماتکارە ئەمەریکاییە بە ئامانجی بە ئەنجام گەیشتنی دانوستانەکان و گەیشتن بە چارەسەرێک بووە بۆ ئەوی ئەو پرسانەی کە ڕێگرن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بەلاوە بنرێن بە شێوەیەک کە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات."
بەرپرسێکی حکومەتی نزیک لە دانوستانەکان وتی "پێداگرییەکی بەهێز لەلایەن لایەنی ئەمەریکاوە هەیە لەسەر دڵنیابوون لە سەرکەوتنی دانوستانەکان بە هەر شێوەیەک بێت."
واشنتن دەیەوێت هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە دەست پێبکاتەوە بەشێکی بۆ بەرزکردنەوەی دابینکردنی جیهانی و دابەزاندنی نرخەکان و بەشێکی دیکەش ئیدارەی ئەمەریکا دەیەوێت پەیوەندییە داراییەکانی نێوان عێراق و ئێرانی دراوسێ بوەستێنێت لەکاتێکدا فشار دەخاتە سەر تاران لەسەر هەناردەکردنی نەوت و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
عێراق هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکا و ئێرانە و هاوکات بەغداد بۆ تاران زۆر گرنگە بۆ یارمەتیدانی ئابوورییەکەی لە میانەی سزا نێودەوڵەتییەکاندا. سەرچاوەکان بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە بەغدا وریایە لەوەی ئەمەریکا بییەوێت لەرێگەی ئەو وڵاتەوە فشاری سەر تاران زۆرتر بکات.
سەرچاوە/رۆیتەرز