وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا دەڵێت سزاکانی بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ بە مەبەستی داڕمانی پیشەسازی نەوت و "داڕوخان"ی ئابووری ئێران داڕێژراوە؛ هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ڕایگەیاندووە پێداچوونەوە بە لێخۆشبوونی سزاکانی پەیوەست بە ئێرانەوە دەکات.
سکات بەسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، بەڕیوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ بە شێوەیەکی بەهێز سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت بۆ ئەوەی "زۆرترین کاریگەری دەستبەجێی هەبێت".
بەسێنت لە وتارێکدا لە یانەی ئابووری نیویۆرک، وتیشی دەمانەوێت کەرتی نەوتی ئێران و تواناکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان والێبکەین کە دابخرێن.
جەختیشی لەوە کردەوە کە سزاکان بۆ داخستنی پیشەسازی نەوتی ئێران و "داڕوخانی ئابووری ئێران کە لە ئێستاوە لە داڕماندایە" داڕێژراون.
ترامپ کە لە ماوەی ئیدارەی پێشوویدا سیاسەتی "زۆرترین گوشار"ی لە دژی ئێران جێبەجێکرد، مانگی ڕابردوو یاداشتێکی سەرۆکایەتیی بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو سیاسەتە واژۆکرد، بەڵام ڕایگەیاند هیوادارە پێویست بە جێبەجێکردنی ئەو یاداشتە نەکات و ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ تاران بکرێت.
بەڵام ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دانوستانەکانی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ترامپ ڕەتکردەوە و وتی "دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا "زیرەکانه و ژیرانە و شەرەفمەندانە" نییە.
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە لێدوانەکەیدا هەروەها ڕایگەیاند کە واشنتن بە نیازە دەستڕاگەیشتن بە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی ئێران ببڕێت.
وتیشی "ئەگەر ئێرانی بوومایە، هەر ئێستا هەموو پارەکەم لە تمەنەوە بۆ دراوێکی دیکە دەگۆڕی".
لە هەواڵێکی دیکەدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بە نوێنەکردنەوەی لێخۆشبوونی عێراق بۆ کڕینی کارەبا لە ئێران، ڕایگەیاند کە واشنتن پێداچوونەوە بە هەموو لێخۆشبوونەکانی ئێستای سزاکان سەبارەت بە ئێران دەکات.
تامی بروس لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی لێخۆشبوون لە سزاکان کە ڕێگە بە عێراق دەدات پارەی کارەبا بدات بە ئێران، وتی "ئەو لێخۆشبوونەی ئێستای کارەبا لە 8ی ئەم مانگەوە کۆتایی دێت و هیچ شتێکمان نییە بۆ ڕاگەیاندن.
بروس کە لە یەکەمین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا خۆی وەک وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەشداریکردبوو، وتی "ئێمە خەریکی پێداچوونەوە بە هەموو ئەو لێخۆشبوونانەی سزاکانین کە بە هەر شێوەیەک ئاسانکاری ئابووری یان دارایی بۆ ئێران دابین دەکەن."
سەرچاوە/ڕۆیتەرز