وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی هەینی7ی مانگی سێ ڕایگەیاند سێرگی ڕیابکۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەگەڵ کازم جەلالی باڵیۆزی ئێران هەوڵەکانی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری پرسی بەرنامەی ئەتۆمی حکوومەتی ئێرانیان تاوتوێ کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆبوونەوەکە ڕۆژی پێنجشەممە ئەنجامدراوە.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیادا ئاماژە بە وردەکاریی ئەو گفتوگۆیە نەکراوە.
بلومبێرگ ڕۆژی سێشەممە 4ی مانگی سێ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هاوکاریکردنی بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە پرسگەلێکی جۆربەجۆر، لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاڵپشتی ئەو حکوومەتە لە گرووپە دژە ئەمەریکاییەکان لە ناوچەکە.
دواتر برایان هیوز وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بەڕێوبەرایەتی ترامپ لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا "لە پێگەی هێزەوە بۆ دۆست و دوژمن" قسە دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو "ڕووسەکان پێشنیاریان کردووە نێوەندگیری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەن، بەڵام داوایان لێ نەکراوە ئەم ڕۆڵە بگێڕن".
لەلایەکی دیکەوە کرێملن ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی داهاتووی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش لەخۆ دەگرێت؛ پرسێک کە بە گوتەی کرێملن لە خولی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتنیش لە مانگی ڕابردوودا هاتوەتە ئاراوە.
مانگی ڕابردوو سەرۆک ترامپ سیاسەتی زۆرترین گوشاری لە دژی حکومەتی ئێران دەستپێکردەوە کە ئامانجی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتەیە بۆئاستی سفر بۆ ڕێگریکردن لە دەستکەوتنی کۆماری ئیسلامی ئێران بە چەکی ئەتۆمی.
لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیاوە ڕووسیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران پتەوتر کردووە و هەروەها ڕێککەوتننامەی هاوکاری ستراتژیکی لەگەڵ حکوومەتی ئێران واژۆ کردووە.
سەرچاوە/بەشێک لەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە