هێزەکانی ئاسایشی سوریا ڕۆژی هەینی 7ی مانگی سێ بۆ ڕۆژی دووەم بەردەوامن لە شەڕکردن بۆ سەرکوتکردنی چەکدارە عەلەوییەکانی سەر بە بەشار ئەسەد لە ڕۆژئاوای سوریا و بە گوێرەی سەرچاوەکان لەو پێکدادانەدا تاکو ئێستا دەیان کەس کوژراون.
دەسەڵاتدارانی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەلشەرع ڕایانگەیاندووە پاشماوەکانی ڕژێمی لەکارلادراوی ئەسەد ڕۆژی پێنجشەممە هێرشێکی کوشندە و پلان بۆ داڕێژراویان بۆ سەر هێزەکانیان لە ناوچەی کەنار دەریاکان دەستپێکردووە کە دانیشتووانێکی زۆری ئەندامانی عەلەوییەکانی تێدایە.
لە کاتێکدا تا ئێستا ژمارەی کوژراوان بە فەرمی رانەگەیندراوە، بەڵام ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە 120 کەس کوژراون.
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە لازقییە، چەکدارانی سەر بە بەشار ئەسەد لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی سووریا تێکهەڵچوون و لانیکەم 13 کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز سەرۆکی دەزگای ئەمنی حکومەتی سوریا هێرشەکەی بە پلان بۆ دارێژراو ناودێر کردووە و ڕایگەیاندووە ئەو نائارامییە "خراپترین توندوتیژییە بەرامبەر بە حکومەتی دامەزراو لەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد."
ڕائید مستەفا کنایفتی، سەرۆکی بەشی ئاسایشی پارێزگای لازقییە هەروەها ڕایگەیاندووە چەند گروپێک لە میلیشیاکانی لایەنگری ئەسەد بەشدارییان لە هێرشەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا کردووە و دەورییە ئەمنییەکان و خاڵە پشکنینەکانی ناوچەی جەبلە و لادێکانی دەوروبەرییان کردووەتە ئامانج.
دوابەدوای ئەم تێکهەڵچوونە، دەسەڵاتدارانی شاری تەرتوسی کەنار دەریاکان قەدەغەی هاتوچۆیان لەو ناوچەیە ڕاگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی "سانا"ی سەر بە دەوڵەتی سوریا بڵاویکردەوە هێزە ئەمنییەکانی ناوچەی جەبلە، ئیبراهیم حەویجە، ئەفسەری باڵای هەواڵگری سەردەمی حافز ئەسەد، باوکی بەشار ئەسەدیان دەستگیرکردووە.
ناوچەی کەنار دەریای جەبلە کە پێکدادانەکانی تێدا ڕوویدا، ناوەندی عەلەوییەکانی سەر بە بەشار ئەسەد و نزیک لە کۆماری ئیسلامییە.
سەرچاوە/ڕۆیتەرز