دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت نامەیەکی بۆ سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ناردووە و هیواداری دەربڕیوە کە بە دانوستان ڕازی بن.
سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس بزنس ڕۆژی هەینی 7ی مانگی سێ وتی "گوتم هیوادارم دانوستان بکەن، چونکە زۆر باشتر دەبێت بۆ ئێران."
ئاماژەی بەوەشکردووە "پێموایە دەیانەوێت لەو نامەیە تێبگەن. بژاردەی دیکە ئەوەیە کە دەبێت شتێک بکەین، چونکە ناتوانین ڕێگە بە وڵاتێکی دیکە بدەین چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت."
پێدەچێت نامەکەی سەرۆک ترامپ بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بێت.
بلومبێرگ کە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی دەستکەوتووە، لە زاری سەرۆکی ئەمەریکاوە نووسیویەتی "نامەیەکم بۆیان نووسی و هیوای خۆمم دەربڕی کە دانوستان بکەن، چونکە زۆر ترسناک دەبێت بۆ ئەوان ئەگەر ناچار بین لە ڕووی سەربازییەوە دەستوەردان بکەین."
لە کاتێکدا دانۆڵد ترامپ ڕەتی نەکردەوە کە لە بژاردەی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەربگیرێت، بەڵام وتیشی کە پێم باشە دانوستان بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
ترامپ لە درێژەی قسەکانیدا وتی "دڵنیام هەمووان لەگەڵمدا هاوڕان. بەڵام دەتوانین بگەینە ڕێککەوتنێک کە هێندەی سەرکەوتنێکی سەربازی باش بێت."
بلومبێرگ ڕۆژی سێشەممە 4ی مانگی سێ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ڕووسیا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هاوکاریکردنی بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە پرسگەلێکی جۆربەجۆر، لەوانە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پاڵپشتی ئەو حکوومەتە لە گرووپە دژە ئەمەریکاییەکان لە ناوچەکە.
دواتر برایان هیوز وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند بەڕێوبەرایەتی ترامپ لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا "لە پێگەی هێزەوە بۆ دۆست و دوژمن" قسە دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو "ڕووسەکان پێشنیاریان کردووە نێوەندگیری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکەن، بەڵام داوایان لێ نەکراوە ئەم ڕۆڵە بگێڕن".
لەلایەکی دیکەوە، کرێملن ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی داهاتووی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیش لەخۆ دەگرێت؛ پرسێک کە بە گوتەی کرێملن لە خولی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتنیش لە مانگی ڕابردوودا هاتە ئاراوە.
ترامپ کە لە ماوەی ئیدارەی پێشوویدا سیاسەتی "زۆرترین گوشار"ی لە دژی ئێران جێبەجێکرد، مانگی ڕابردوو یاداشتێکی سەرۆکایەتیی بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو سیاسەتە واژۆکرد، بەڵام ڕایگەیاند هیوادارە پێویست بە جێبەجێکردنی ئەو یاداشتە نەکات و ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ تاران بکرێت.
بەڵام ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دانوستانەکانی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی ترامپ ڕەتکردەوە و وتی "دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا "زیرەکانه و ژیرانە و شەرەفمەندانە" نییە.