Accessibility links

خاوەنکارانی ئەمەریکا 151,000 هەلی کار زیاد دەکەن


خاوەنکارانی ئەمەریکا لە مانگی ڕابردوودا 151,000 هەلی کارییان زیادکردووە، بەڵام پێشبینیەکان نادیارن چونکە سەرۆک دانۆڵد ترامپ هەڕەشەی شەڕێکی بازرگانی دەکات، هێزی کاری فیدڕاڵی کەم دەکاتەوە و بەڵێنی ڕەوانەکردنەوەی ملیۆنەها کۆچبەر دەدات.

وەزارەتی کاری ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە دامەزراندن لە 125,000 ەوە لە مانگی یەکدا زیاتربووە. ئابووریناسان پێشبینی 160,000 هەلی کارییان دەکرد لە مانگی ڕابردوودا.

ڕێژەی بێکاری کەمێک بەرز بووەوە بۆ لە سەدا 4.1 لە کاتێکدا کە ژمارەی بێکارانی ئەمەریکایی بە 203,000 کەسی دیکە زیادیکرد.

دامەزراندن لە کەرتەکانی چاودێری تەندروستی، دارایی، گواستنەوە و عەمبارکردن زیادیکردووە. حکومەتی فیدراڵی 10,000 هەلی کاری لەدەستداوە کە زۆرترین ژمارەیە لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 ەوە، هەرچەندە ئابووریناسان پێشبینی ئەوە ناکەن کە دەرکردنی کارمەندانی فیدڕال لەم ماوەیەی ڕابردوودا لە ژێر بەڕێوبەرایەتییەکەی ترامپدا کاریگەری زۆری هەبێت تاوەکو ڕاپۆرتی کار لە مانگی سێدا بڵاودەکرێتەوە. چێشتخانە و باڕەکان لە مانگی ڕابردوودا نزیکەی 28,000 کارییان کەمکردەوە و لە مانگی یەکیشدا نزیکەی 30,000 کارییان کەمکردووەتەوە.

سارا هاوسی ئابووریناسی باڵا لە وێڵز فارگۆ، دەڵێت " هێشتا بازاڕی کار خۆی گرتووە. بەڵام هێشتا زۆر دوورین لەوەی ساڵێک یاخود دوو ساڵ لەمەوبەر تێیدا بووین."

ئەنجومەنی نوێنەران پێشبینی دەکات دامەزراندن خاو ببێتەوە و بێکاری زیاد بکات لە کاتێکدا کە سەرۆک ترامپ بەردەوامە لە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی پڕۆگرامەکان و کەمکردنەوەی هێزی کاری فیدڕاڵی و هەروەها سەپاندنی باجی گومرگی نوێ بەسەر هاوبەشە بازرگانییەکانی ئەمەریکادا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG