Accessibility links

لەماوەی دوو ڕۆژەی ڕابردوودا لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا 11 کەس دەکوژرێن و 30 کەسیش بریندار دەبن


بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە 8ی مانگی سێ ڕایانگەیاند لەهێرشێکی ڕووسیا بۆ سەر شارۆچکەیەک لە ناوچەی دۆنێتسکی ئۆکرانیا لانیکەم 11 کەس کوژراون. هەروەها لە درەنگانی ڕۆژی هەینیدا لە چەندین هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، 30 کەس برینداربوون.

ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند لانیکەم پێنج منداڵ لەنێو بریندارەکاندا هەن. وتیشی "شەوی ڕابردوو سوپای ڕووسیا دوو مووشەکی بالیستیکی ئاراستەی ناوەندی شاری دۆبرۆپیلیا کرد و دوای ئەوەی خزمەتگوزارییە فریاگوزاریەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە ئەنقەست ڕزگارکەرانیان کردە ئامانج."

هێرشەکە 24 کاتژمێر دوای ئەوە ڕوویدا کە ڕووسیا بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر دامەزراوە وزەییەکانی ئۆکرانیا و توانای ئەو وڵاتەی بۆ گەیاندنی گەرمی و ڕووناکی بە هاووڵاتیانی و بەهێزکردنی کارگەکانی چەک کە گرنگن بۆ بەرگرییەکانی، پەکخست.

هاوکات دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاندوە لەدوای هێرشە بێوچانەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە جددی بیر لە سەپاندنی سزای نوێ لەوانە سزای بانکی و گومرگی دژی مۆسکۆ دەکاتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاند کە ئەم سزایانە لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە تا ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا ئەنجام دەدرێت.

ترامپ لە درێژەی پەیامەکەیدا لە سۆشیال میدیا نووسیویەتی سزا و گومرگە نوێیەکان لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستییەدا دەسەپێندرێت کە ڕووسیا "لە ئێستادا بێوچان لە بەرەکانی شەڕدا ئۆکرانیا بۆردمان دەکات".

هەروەها داوای لە بەرپرسانی ڕووسیا و ئۆکرانیا کرد کە "پێش ئەوەی درەنگ بێت" بێنە سەر مێزی دانوستانەکان.

لە لایەکی دیکەوە ستیڤ ویتکاف، نێردەی تایبەتی دانۆڵد ترامپ هەمان ڕۆژ پشتڕاستی کردەوە کە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا هەیە سەبارەت بە چوارچێوەیەک بۆ وەستاندنی شەڕ و گەیشتن بە ئاشتی. ویتکاف هەروەها وتی خەریکی ڕێکخستنی کۆبوونەوەیەکە لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا کە لەلایەن سعودیەوە میوانداری دەکرێت.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG