توندوتیژی و پێکدادان لە پارێزگاکانی لازقیە و تەرتووس لە ڕۆژئاوای سوریا تا ئێستا زیاتر لە 500 کوژراوی لێکەوتووەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل و ئەندامی کەمینەی عەلەوین.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە گروپێکە بنکەکەی لە بەریتانیایە و چاودێری پێشهاتەکانی ئەو وڵاتە دەکات، ڕایگەیاندووە هێزەکانی حکومەتی سوریا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا "لانیکەم 340 هاووڵاتی مەدەنی"یان لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگا کەنارییەکانی سوریا "لە شەقامەکاندا لەسێدارەداوە".
ئەم پێشهاتانە توندوتیژترین ڕووداوە لە سوریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بنەماڵەی ئەسەد لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە ڕۆژی شەممە 8ی مانگی سێ لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوکراوەتەوە، کوژراوەکان لەکاتی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەت و ئەندامانی پێکهاتەی کەمینە عەلەوییەکان کوژراون کە لایەنگرانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریان.
شەڕ لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای سوریا لە ڕۆژی پێنجشەممە 6ی مانگی سێ دەستیپێکردووە و ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، ڕایگەیاندووە لە ڕۆژی هەینیدا 162 کەس بە تەقەی هێزەکانی حکومەت کوژراون.
ئەم گرووپەی مافی مرۆڤ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی "کۆمەڵکوژی"ی نەیارانی حکوومەتی نوێی بڵاوکردبووە و ڕایگەیاندبوو کە "ژن و منداڵیش لە نێو کوژراوەکاندا بوون".
لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ژمارەی کوژراوانی لایەنگرانی ئەسەدی بە "340" کەس ڕاگەیاندووە و ئاماژەی بەوەشکرد جگە لەو "ئیعدامانەی" کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان یان میلیشیاکانی سەر بە حکومەتی ئێستای سوریا ئەنجامدراون، ماڵ و موڵکی لایەنگرانی ئەسەد لەلایەن ئەو هێزانەوە تاڵانیش کراون.
ژمارەی کوژراوانی خەڵی مەدەنی لە هەردوولا بە گشتی گەیشتووەتە 524 کەس. هەروەها 93 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی نوێ و 120 کەس لە لایەنگرانی ڕژێمی ئەسەد لە نێو کوژراوەکاندان.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا، سانا، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە بڵاویکردوەتەوە "پاشماوەکانی ڕژێمی ڕووخاو" هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەی نیشتمانی لە شاری لازقیە و ئاماژەی بەوەشکردووە "هێزە ئەمنییەکان هێرشەکەیان بەرپەرچدەدەنەوە".
ڕۆژی هەینی ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی کاتی سوریا داوای لە "پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەد" کرد کە چەکەکانیان دابنێن و خۆیان ڕادەست بکەن.
چەکداران بە سەرۆکایەتی هەیئەتی تەحریری شام ماوەیەک پێش ئیستا هێرشی لەناکاویان لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا دەستپێکرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. لەو کاتەوە، گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ئەو وڵاتە یەکێک بووە لە کارە ئاڵۆزەکان بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا.
سەرچاوە/فرانس پرێس