Accessibility links

 
خامنەیی پێشنیاری دانوستان ڕەتدەکاتەوە و ئەمەریکاش دەڵێت ئەگەر ڕێکەوتنیان نەوێت 'زۆرترین فشار' دەمێنێتەوە

خامنەیی پێشنیاری دانوستان ڕەتدەکاتەوە و ئەمەریکاش دەڵێت ئەگەر ڕێکەوتنیان نەوێت 'زۆرترین فشار' دەمێنێتەوە


ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە نامەیەکی بۆ بەرپرسانی ئێران ناردووە، عەلی خامنەیی،ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایدەگەیەنێت ئێران دانوستان لەگەڵ "حکومەتە چەوسێنەرەکان" ناکات و بە بێ ئەوەی ئاماژە بە ئەمریکا و ئیدارەی ترامپ بدات، بانگەشەی ئەوەی کرد کە پێداگری ئەم حکومەتانە لەسەر دانوستان "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە و وتی ئەوان دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن.

ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی شەممە 8ی مانگی سێ لە میانەی دیدارێکی لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە پرسی دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا وتی "ئامانجی ئەوان پێشکەشکردنی چاوەڕوانی نوێیە و ئەو چاوەڕوانیانەش
بە دڵنیاییەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەدی نایەت".

لە کاردانەوە بە قسەکانی ئەمڕۆی خامنەیی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "سەرۆک ترامپ بە ڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەمەریکا پابەندە بە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی و ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ تاران دەربڕیوە. ئەگەر حکومەتی ئێران ڕێککەوتن نەخوازێت، سەرۆک ترامپ بە ڕوونی ئەوەی خستۆتە ڕوو کە ئێران لە ژێر هەڵمەتی نوێی زۆرترین فشاردا دەمێنێتەوە."

ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتارەکەی ئەمڕۆی خۆیدا وتی "دانوستانەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە بەڵکو بۆ کۆنتڕۆڵە" و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو پرسە تەنیا لە "پرسە ئەتۆمییەکان"دا سنووردار نابێت، وتیشی پرسەکانی وەک "توانای بەرگری"، "توانای نێودەوڵەتی" و سنووردارکردنی وڵاتیش لەخۆدەگرێت، لەوانەش "مەودای بڕینی مووشەکەکانیش".

دانۆڵد ترامپ لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی زیندوو کردەوە و داوای ڕێککەوتنی هەمەلایەنەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کرد. بەڵام عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هەرچەشنە دانوستانێکی لەگەڵ ئەمەریکا قەدەغە کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بارودۆخی ئابووری ئێران بە هۆی ئاڵۆزییە بەربڵاوەکانی حکوومەت لەگەڵ جیهان و ڕۆژئاوا ڕۆژانە خراپتر دەبێت.

ئێستا کە دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەستاون، بە پێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی نیگەرانییەکان سەبارەت بە داهاتووی بەرنامەی ناوکی تاران زیاتر بووە.

ڕۆژی هەینی ترامپ ڕایگەیاند کە نامەیەکی بۆ ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی نووسیوە و هیوای بۆ دانوستان دەربڕیوە و لێدوانەکانیشی بووە مانشێتی ڕۆژنامەکان.

سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها هۆشداری دا کە تەنیا بژاردە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران یان "گەیشتن بە ڕێککەوتن"ە یان "کردەوەی سەربازی"یە.

سەرۆک ترامپ هەروەها ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی سەبارەت بە ئێران ڕایگەیاند کە بەم زووانە شتێکی گەورە ڕوودەدات و ساتەوەختە چارەنووسسازەکان لە پێوەندی لەگەڵ ئێران کاتەکەی هاتووە و "ڕۆژانی سەرنجڕاکێش"ی لە پێشە. جەختیشی لەوە کردەوە "هیوادارم دەرئەنجامەکە ئاشتی بێت، بەڵام ڕێگەیەکی دیکەش هەیە کە کێشەکە چارەسەر دەکات".

عەلی خامنەیی لە دیداری ئەمڕۆی لەگەڵ کاربەدەستانی وڵات هەروەها ئاماژەی بە لایەنی ئەورووپایی کرد و لە پێوەندی لەگەڵ قسەی ئەوان کە دەڵێن کۆماری ئیسلامی بەڵێنەکانی خۆی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی جێبەجێ نەکردووە وتی "ئەوانیش لە ڕۆژی یەکەمەوە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکرد و دوای کشانەوەی ئەمەریکا بەڵێنیان دا کە قەرەبووی بکەنەوە، بەڵام جاری دووهەمیش بەڵێنەکەیان شکاند."

ئەم بانگەشانەی خامنەیی لە کاتێکدایە کە ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی 4ی مانگی سێ لە ڕاپۆرتێکدا بۆ دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانسەکە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێرن بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60ی بۆ 275 کیلۆگرام زیاد کردووە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە تاکە وڵاتی نائەتۆمی وەسف کرد کە تا ئەم ڕادەیە یۆرانیۆمی پیتاندووە و بە هۆکاری "نیگەرانی جددی" ناوی بردووە.

هەروەها نوێنەرایەتی یەکێتی ئەورووپا لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی باس لەوە دەکات کە حکوومەتی ئێران جێبەجێکردنی بەڵێننامە ئەتۆمییەکانی لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 ڕاگرتووە و دەشڵێت کە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ئاژانسەکە نەیتوانیوە هەنگاوەکانی پەیوەست بە پشتڕاستکردنەوە و چاودێریکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بنێ.

عەلی خامنەیی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی وڵات هەروەها هیوای ئەوەی دەربڕی کە مەسعود پزشکیان بەو زووانە بتوانێت مژدەی جێبەجێکردنی "داواکارییە گەورەکان" بە خەڵک بدات.

پزشکیان پێشتر لە میانی دانیشتنی لێپرسینەوە لە وەزیری ئابووری و دارایی ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکایە، بەڵام ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتیی ئەو پرسە دەکات.

بەرپرسانی ئەمەریکا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە هەڵمەتی زۆرترین فشار کە لە دوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی ترامپەوە زیندوو بووەتەوە، بەردەوام دەبێت ئەگەر حکومەتی ئێران بە ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی نوێ ڕازی نەبێت.
ئیسرائیل و ئەمەریکا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە ڕێگە نادەن حکومەتی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

XS
SM
MD
LG