Accessibility links

ئەمەریکا پێشوازی لە ڕێککەوتنی کورد و دیمەشق دەکات


مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئێوارەی سێشەممە، 11ی مانگی سێ لە وەڵامی پرسیارێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە ڕێککەوتنی کورد و دیمەشق، ڕایگەیاند واشنتن پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کوردەکان کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و حکومەتی نوێی سوریا دەکات.

روبیۆ لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەی ڕایگەیاندووە "ئەمەریکا پشتگیری خۆی بۆ گواستنەوەیەکی سیاسی دووپات دەکاتەوە کە حوکمڕانییەکی باوەڕپێکراو و دوور لە تایفەگەری وەک باشترین ڕێگا بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێی زیاتر نیشان دەدات."


بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی سوریا کە رۆژی دووشەممە بڵاوکرایەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بەشێکی زۆری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریایان کۆنترۆڵکردووە، ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا واژۆکردووە بۆ پەیوەستبوون بە حکومەتی نوێی دیمەشقەوە.

ڕێککەوتنەکە لە دیمەشق لە نێوان ئەحمەد ئەلشەرع ،سەرۆکی کاتی سوریا و مەزلۆم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات واژۆ کراوە و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکەش، هەموو لایەنێکی مەدەنی و سەربازی ئەو هێزە دەچنە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە "ئەمەریکا پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکات کە بەم دواییە لە نێوان دەسەڵاتدارانی کاتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدا بۆ یەکخستنی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە نێو سوریایەکی یەکگرتوودا ڕاگەیەندرا.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئەو ڕێککەوتنەی ڕۆژی دووشەممە واژۆ کراوە، تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان، لەوانە دەروازە و ڕێگاوبانەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازەکان ڕادەستی حکومەتی ناوەندی دکرێن.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە ڕاپۆرتێکی پەیوەندیداردا لە زاری مەزلۆم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ڕایگەیاندووە ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ حکومەت لە دیمەشق واژۆ کراوە، "دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ بنیاتنانی سوریایەکی نوێ".

XS
SM
MD
LG