ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، ئەگەر شاندی ئیمراڵی داوای کاتێک بۆ کۆبوونەوە بکات ئەوە ڕێکدەخرێت.
دوای کۆبوونەوەیەکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە ئەگەی کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند، ئەگەر داوا بکرێت ئەوا لەگەڵ شاندەکە کۆدەبێتەوە.
لە شاندی ئیمراڵی، سری سورەیە ئۆندەر، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم) بە ماڵپەڕی کیسا داڵگای ڕاگەیاند، شاندەکەیان بە زووترین کات داوای کۆبوونەوەیەک دەکات.
عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە لە ساڵی 1999 ەوە لە دوورگەی ئیمراڵی زیندانی کراوە، لە نامەیەکدا لە 27ی مانگی دوو داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و کۆتایی بە چالاکییەکانی بهێنێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی مەهەپە، کە هاوپەیمانی ئەردۆغانە، سەبارەت بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان وتی "لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەنرخ و گرنگ بوو".
دانوستاندنەکان لە مانگی دەی ڕابردوو بە لێدوانی باخچەلی لە کۆنفرانسی پارتەکەیدا دەستیپێکرد و پێشنیاری کرد ئەگەر ئۆجەلان واز لە توندوتیژی بهێنێت و پەکەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوا ئازاد دەکرێت. ئەمە وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ ئەو سیاسەتمەدارە توندڕەوە کە پێشتر بە توندی پشتگیری لە کردەوەی سەربازی تورکیا دەکرد دژی پەکەکە و هاوپەیمانەکانی لە سوریای دراوسێی و بیرۆکەی دانوستانی ڕەتدەکردەوە.
دوابەدوای پەیامەکەی ئۆجەلان، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان چوونەتە قۆناغێکی نوێ لە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی تورکیایەکی دوور لە تیرۆر.
سەرچاوە: X, Gazete Duvar