هۆتێل ڕۆزڤێڵت کە زیاتر لە سەدەیەکە جێگەی سەرنجی شاری نیویۆرکە، جارێکی تر ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار بووەتەوە. مانگی ڕابردوو بەرپرسانی شارەکە پلانەکانیان ڕاگەیاند بۆ ئەوە لەم هاوینەوە ئیتر وەکو پەناگەیەکی کۆچبەران و سەنتەری ناونوسیکردن بەکارینەهێنن.
ئەو هۆتێلە بەناوبانگە لە ساڵی 1924 کرایەوە بۆ پێشوازیکردن لەو سەرنشینانەی کە تێرمیناڵی گراند سێنتڕاڵی نزیکی بکاردەهێنن. ئەو هۆتێلە سەردەمی قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولییەکان، گەرانییە گەورەکەی ساڵانی سییەکانی سەدی ڕابردوو و جەنگێکی جیهانی و ١١ی سپتێمبەریشی تێپەڕاندووە.
بەڵام پەتای کۆڤید-19 لە ساڵی 2020دا، هۆتێلەکەی ناچارکرد بەهۆی زیانە داراییەکانەوە دەرگاکانی بەڕووی میوانەکاندا دابخات. پاشان لە ساڵی 2023 جارێکی تر کرایەوە و وەک ناوەندی ناونوسیکردنی کۆچبەرە بێبەڵگەکان بەکاردەهێنرا کە بە لێشاو ڕوویان لە شارەکە کردبوو.
لە هەموو ئەمانەدا، ڕۆزڤێڵت کە بە شاژنە دێرینەکەی شەقامی مادسن ناسراوە، بووە دیمەنێکی ئێجگار زۆری فیلمە بەناوبانگە کلاسیکەکانی هۆلیود و بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکان.
لە کاتێکدا چارەنووسی لە ژێر پرسیاردایە، بەڵام ڕابردووی ڕۆزڤێڵت کە لە وێنە و فیلمەکاندا گیراوە، بووە بە نیویۆرکێکی بچووک لە مێژووی ئەمەریکادا.
1924: هۆتێلەکە بە ناوی سەرۆک تیۆدۆر ڕۆزڤێڵتەوە ناونراوە، چوار ساڵ دوای دەستپێکردنی ئەو سەردەمەی کە بە سەردەمی قەدەغەکردن لە ئەمەریکا بەناوبانگە، کە بۆ ماوەی 13 ساڵ خواردنەوەی کحولییەکان لە ئەمەریکادا قەدەغە بوو. لە کاتێکدا ئەو قەدەغەکردنە وای کرد هەندێک هۆتێلی شارەکان دابخرێن، بەڵام ناوچەی دەوروبەری گراند سێنتڕاڵ لە ساڵانی دوای جەنگدا گەشەیسەند، و بووە جێگای سەرنجی بازرگانی لەنێویاندا ناوچەکانی کە لە پشت ڕۆزڤێڵتەوەش بوون.
هەرچەندە لە نێو دەوڵەمەندترین هۆتێلەکانی نیویۆرکدا نییە، بەڵام ئەم باڵەخانە چوار ئەستێرەیەی کە 19 نهۆمە، بەهایەکی بەرزی لە میدتاون مانهاتن هەبووە. لە سەردەمی قەدەغەکردنەکەدا ڕۆزڤێڵت نەریتە باوەکانی شکاند و لەبری هۆڵ و باڕەکان لە نهۆمی خوارەوەو بە ڕووی شەقامەکاندا پێشانگای فرۆشگاکانی کردەوە. هەروەها لە یەکەم هۆتێلەکانی جیهاندا بوو کە خزمەتگوزاری ئاژەڵە ماڵیەکان و چاودێری منداڵان و هەروەها ئۆفیسی پزیشکیشی لە ناو هۆتێلەکە کردەوە.
1929: بەهۆی ئەوەی مەی لە مینیوی رێستورانتەکاندا دەرچوو، ڕۆزڤێڵت بوو بە شوێنی سەرنجی گەشتیاران و هەوادارانی موزیک. لە لوتکەی قەدەغەکردنەکەدا، سەرۆکی گرووپی موزیکی و کەمانچەژەن گەی لۆمباردۆ و گرووپەکەی بەناوی کەنەدیەن ڕۆیاڵ، یەکەم نمایشی ڕاستەوخۆی خۆیان لە ڕۆزڤێڵت گریل لە هۆتێلەکەدا پێشکەش کرد. ئەوان بۆ ماوەی سی ساڵ لەوێ بەردەوام بوون. گێڕانەوەی گۆرانی “Auld Lang Syne”یان کە گۆرانییەکی سکۆتلەندییە و باس لە هاوڕێیەتی و خۆشەویستییە کۆنەکان دەکات، بووە نەریتێکی شەوی سەری ساڵ. دواتر گۆڤاری ڤاریتی ستایشی لۆمباردۆی کرد بە "تاکە کەنەدی کە تا ئێستا نەریتێکی ئەمەریکی دروستکردووە"، ئەمەش میراتەکەی لە ڕۆزڤێڵتدا چەسپاند.
1943: هۆتێلی گەورەی کۆنراد هێڵتن ڕۆزڤێڵتی کڕی، لەگەڵ هۆتێلی دی پلازا، ڕۆزڤێڵتی بە "هۆتێلێکی جوان و شوێنی گەورە" ناوبرد و چووە خانە هۆتێلە گرانبەها و سەرۆکایەتیەکانەوە. بەم کڕینەش کۆمپانیای هێڵتنی وەک یەکەم زنجیرە هۆتێلی ئەمەریکایی لە کەناراوێکەوە بۆ کەنارێکی تر دامەزراند. دوای چوار ساڵ جارێکی دیکە ڕۆزڤێڵت مێژووی خۆی تۆمارکردەوە کاتێک بوو بە یەکەم شوێن کە لە هەر ژوورێکدا تەلەفیزیۆنێکی دانا. بەڵام خاوەندارێتی هێڵتن لە ساڵی 1957 کۆتاییهات کاتێک کۆمپانیاکەیان ناچار بوو ئەو موڵکە بفرۆشێت وەک بەشێک لە داوای یاسایی دژە متمانە کە لەلایەن حکومەتەوە کرا.
1948: ڕۆزڤێڵت لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بوو بە ناوەندێکی سیاسی، لە ساڵانی 1944 و 1948 وەک بارەگای بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ تامس دیوی کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاری کرد، دیوی هەردوو هەڵبژاردنەکەی دۆڕاند و لەو هۆتێلەوە دانی پێدانا. لە ساڵانی دواتردا، هۆتێلەکە میوانداری بۆنە سیاسییە باڵاکانی دیکەی کرد.
1070کان بۆ 2010ەکان: لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، ڕۆزڤێڵت بە شێوازە کلاسیکییەکەیەوە بوو بە شوێنێکی دڵخواز بۆ وێنەگرتنی فیلمەکانی هۆڵیوود. زیاتر لە دەیان فیلم، لەوانەدا " The French Connection " (1971)، " Wall Street " (1987)، " Presumed Innocent " (1990) و " Maid in Manhattan” " (2002)، لەوێ دەرکراون. هەروەها چەندین بەرنامەی تەلەفزیۆنی وەک "Mad Men" و "Law & Order" لە هۆتێلەکەدا وێنەیان گیراوە.
1979: هۆتێلەکە چەندین جار خاوەنەکانی گۆڕان، پێش ئەوەی هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی پاکستان بە پشتیوانی شازادەی سعودی خالید بن فەیسەڵ ئال سعود، بەڕێوەبردنەکەی لە لە خێزانێکی کارداریی خانووبەرەی نیویۆرک وەربگرێت. ڕێککەوتنەکە لەگەڵ بژاردەی کڕینی هۆتێلەکە بەبڕی 36 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بوو دوای 20 ساڵ. گرێبەستێک کە هێڵی ئاسمانی لە ساڵی 2000کۆتایی پێهێنا. کە لەلایەن حکومەتی پاکستانەوە بە سەرمایەی نیشتمانی دادەنرێت، ڕۆزڤێڵت بووە شوێنی نیشتەجێبوونی پەسەندکراو بۆ سەردانیکردنی سەرۆک وەزیرانی پاکستان و کەسایەتییە بەرزەکانی دیکە بۆ نیویۆرک. لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاندا، هۆتێلەکە میوانداری نمایشێکی ڕاستەوخۆی کرد لە هۆڵی ئاهەنگگێڕان لەلایەن گرووپی جونون کە گەورەترین گرووپی موزیکی ڕۆکی پاکستانە.
2020 بۆ 2023: لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، ڕۆزڤێڵت لە ڕووی داراییەوە کێشەی زۆری هەبووە. لە ساڵی 2020 دەرگاکانی بەڕووی میوانەکاندا داخست، و ڕایگەیاند بەهۆی ئەو "ژینگە بێ وێنەیە" یە کە لە پەتای کۆڤیدەوە سەرچاوەی گرتووە، سەرەتایەکی نوێی وەرگرت کاتێک شاری نیویۆرک لە ساڵی2023 گرێبەستێکی بەکرێدانی سێ ساڵە و 220 ملیۆن دۆلاری واژۆکرد بۆ بەکارهێنانی وەک پەناگەیەکی کۆچبەران و ناوەندێکی ناونوسیکردن.
بەڵام بەکرێدانەکە تەنها چارەسەرێکی کاتیی بوو بۆ ئەو هۆتێلە مێژووییە. لە مانگی دووی 2024دا، سەرۆکی شارەوانی ئێریک ئادەمز ڕایگەیاند کە شارەکە گرێبەستی بەکرێدانەکە هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەمەش کۆتایی هاتنی سەردەمێکە لە مێژووی نیویۆرکدا.
ڕاپۆرتی مەسعود فەریوار