Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت یارمەتی مرۆیی بۆ درووزەکان لە سوریا دەنێرێت


شەقامێکی سووەیدای سوریا
شەقامێکی سووەیدای سوریا

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە، 13ی مانگی سێ ڕایگەیاند لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هاوکاری مرۆیی بۆ درووزەکانی سوریا ناردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی دیکەی پشتیوانی ئیسرائیل لەو پێکهاتە کەمینەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدراوە، تا ئێستا 10 هەزار پاکێجی هاوکاری مرۆیی گەیەندراوەتە پێکهاتەی درووزەکان لە سوریا".

لە بەیاننامەکەی ئەو وەزارەتەدا هاتووە پاکێجی هاوکارییەکان کەلوپەلی سەرەتایی وەکو خوێی، ئارد، زەیت و شەکریان لەخۆگرتووە و زۆربەیان گەیشتوونەتە پارێزگای سووەیدا لە باشووری سوریا کە درووزەکانی تێیدا نیشتەجێن.

درووزەکان کە کەمینەیەکی عەرەبن و لە سوریا و ئیسرائیل و بەرزاییەکانی جۆلان و لوبنان نیشتەجێن، باوەڕێک پەیڕەو دەکەن کە لە ئیسلامەوە سەرچاوەی گرتووە بەڵام شووناسێکی تایبەتی خۆیان هەیە.

لە ئیسرائیل زۆرێک لە درووزەکان لە بواری سەربازیدا خزمەت دەکەن، لەنێویاندا لە شەڕی غەززە و هەندێکیان گەیشتوونەتە پلە باڵاکان.

لە دوای لادانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا، سەرکردەکانی ئیسرائیل بێمتمانەیی قووڵیان بە حکومەتی نوێی سوریای ئەحمەد ئەلشەرع دەربڕی. هەیئەتی تەحریری شامیان بە گروپێکی جیهادی ناودێر کرد.هەیئەتی تەحریری شام سەر بە گروپی توندڕەوی قاعیدە بووە، بەڵام دواتر دەستبەرداری ئەو پەیوەندییە بووە.

ئیسرائیل داوای پاراستنی مافی گرووپە کەمینەکانی سوریا لە نێویاندا درووزەکانی کردووە.

لەم هەفتەیەدا، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند ڕێگە بە درووزەکانی سوریا دەدرێت بچنە ناو بەرزاییەکانی جۆلان و کاربکەن.

ئەندامانی درووزەکان ڕایانگەیاندووە چاوەڕوان دەکرێت گروپێک کە لە نزیکەی 100 کەسایەتی باڵای درووزی سوریا پێکهاتووە، ڕۆژی هەینی سەردانی بەرزاییەکانی جۆلان بکەن.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG