Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت بارەگایەکی جیهادی ئیسلامی لە پایتەختی سوریا بۆردومانکردووە


لەشکری ئیسرائیل ڕایگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە بارەگایەکی جیهادی ئیسلامی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆردومانکرد کە لەوێ پلان و کاری تێرۆرستی دەکرا.

ئەڤیخای ئەدرعی وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی لە پێگەکەی لەسەر ئێکس ڤیدیۆیەکی ساتی بۆردومانی شوێنەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی،"فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی کەمێک لەمەوبەر بارەگای فەرماندەیی تێرۆرستانی سەر بە ڕێکخراوی جیهادی ئیسلامی فەلەستینییەکانی لە ناوچەی دیمەشق بۆردومانکرد کە بەکاردەهات بۆ پلاندانان و بەڕێوەبردنی کاری تێرۆرستی ڕێکخراوەکە. لەشکری بەرگری ڕێگە نادات ڕێکخراوە تێرۆرستییەکان شوێنیان لە ناو سوریادا هەبێت و کاربکەن لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل."


دەشڵێت لەشکری ئیسرائیل،"زۆر بە توندی کاردەکات لە دژی هەر هەوڵێک بدرێت بۆ جێگربوونێکی لەو شێوەیە. لەشکری بەرگری بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجکردنی ڕێکخراوە تێرۆرستییە فەلەستینییەکان لە هەر شوێنێک پێویست بکات وە بەردەوام دەبێت لەسەر پاراستنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل."

ئاژانسی هەواڵی سانای حکومەتی سوریا لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، ئیسرائیل باڵەخانەیەکی لە پرۆژەی دەمر لە دیمەشق بۆردومانکردووە و ئاگری لێکەوتووەتەوە و لە ئاکامدا 3 کەس برینداربوون کە یەکێکیان ژنێکی بە تەمەنە و برینەکانی قورسە.

دەشڵێت ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج شوێنێکی سیڤیل بووە و زیانی زۆری پێگەیشتووە و هەروەها دوو باڵەخانەی تەنیشتی زیانیان پێگەیشتووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئیسرائیل دەڵێن بۆردومانەکە هاوکاتی ئەوە بووە لە کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا پرۆژەی دەستوری نوێی سوریا ڕاگەیاندرا و ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی کاتی لەوێ بووە. شوێنەکە چەند کیلۆمەترێک لە کۆشکی سەرۆکایەتییەوە دورە.

XS
SM
MD
LG