سەرۆکی ئەمەریکا نامەیەک دەنێرێت بۆ ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران و پشتڕاست کراوەتەوە کە نامەکە گەیشتووەتە تاران. نامەکە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان سەبارەت بە بەرنامە ناوکییە مشتومڕ لەسەرەکەی تاران.
گەورە بەرپرسانی ئێران دەڵێن هیچ وتووێژێک ناکەن و چیش دەبێت با ببێت.
سەیف ڕەعد، پسپۆڕی ئاسایشی و ستراتیژییە و لەوبڕوایەدایە هەڵوێستی ڕاگەیەندراوی ئێران بۆ ڕەتکردنەوەی وتووێژکردن هەڵوێستێکی گونجاو نییە بەتایبەتی کاتێک لە ڕەوشی ناوچەکە و جیهانیش ورد دەبینەوە و دەڵێت "لە ڕاستیدا من بۆخۆم وەهام چاوەڕوان دەکرد وەک پرەنسیپێک ئێران بە دانوستاندن قایل بووایە تەنانەت ئەگەر بۆ بەکارهێنانی کاتیش بووایە؛ بەڵام ئەو ڕەتکردنەوەیە بە مانای ئامادەکاریی لەشکریانەی ئێرانە و ئامادەکاریی ئێرانیش نیشان دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەشکریانە. پێشدەچێت مانۆڕە نوێیەکانی ئەم ماوەیەی ڕابردووی ئێرانیش بچنە خانەی ئەو خۆ ئامادەکردنانەوە بۆ شەڕ."
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ناوەڕۆک یان وردەکاریی ناو نامەکە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام هاوکاتە لەگەڵ سەپاندنی سزای نوێی واشنتۆن بەسەر ئێراندا وەک بەشێک لە "بەرزترین ئاستی فشار" ی بەڕێوبەرایەتی ئەمەریکا بۆسەر کۆماری ئیسلامی ئێران.
سەرۆک ترامپ، باسی لەوەش کردووە کە هێشتا بژاردەی لەشکریی، بژاردەیەکی کراوەیە بەڵام جەختیشی کردۆتەوە لەوەی هیشتاش بڕوای بەوەیە دەشێت لەگەڵ ئێراندا بگاتە ڕێککەوتنێکی نوێ.
بەڕێز ڕەعد، دەڵێت " پێشدەچێت مانۆڕە نوێیە سەربازییەکانی ئەم ماوەیەی ڕابردووی ئێران و ئەگەریش بیانبەستینەوە بە لێدوانەکانی ئایەتوڵا عەلی خامنەئی و کاربەدەستانی تری ئەو وڵاتەوە ئەوا دەچنە خانەی ئەو خۆ ئامادەکردنانەوە بۆ شەڕ لەڕێی سود وەرگرتن لە باڵەکانی خۆی لە عێراق و لوبنان و هەروەها لە یەمەنیش کە ئێران بە بنەمایەکی سەرەکیی دەبینێت بۆ پلانی بەرگری و هێرش کردنیش."
ئیسرائیل پێشتر ئاگاهیدابوو بە ئێران کە ئەگەر تاران بەردەوام بێت لەسەر شەڕ فرۆشتنەکانی بە دەوڵەتی جوو، یانیش ئەگەر وەک هەڕەشە و مەترسییەکیش بمێنێتەوە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی تەلئەڤیڤ، ئەوا لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران دەدات و تەواوی بەرنامە ناوکییەکەی ئیفلیج دەکات.
سەیف ڕەعد، پسپۆڕی ئاسایشی و ستراتیژی دەڵێت ئەگەر ئەمەریکا هەر کردەیەکی لەشکری لە دژی ئێران بکات، ئیسرائیلیش پشتیوان دەبێت بۆی و دەڵێت "بەر لە هاتنی مانگی ڕەمەزان، فڕۆکەکانی ئەمەریکا چاودێریی ئاسمانی دەکەن لە زۆر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وەک عێراق و شانشینی ئوردون و سوریاشەوە و ئەو چاودێریکردنانە لە دەریاشەوە کراون و دەکرێن؛ زانیارییەکان لە عێراقەوە دەڵێن چاودێریی جموجۆڵەکانیش کراون لە ناوچە سنورییەکانی عێراق ئێرانەوە، ئەمانە هەمووی ئاماژەن بە ئەگەری هەبوونی سیناریۆیەک و بێ هیچ گومانێکیش ئەو سیناریۆیە یان ئەگەری ئەو لێدانە بە هاوکاریی دەبێت لەگەڵ ئیسرائیلدا."
ئیسرائیل ئاگاهیشی داوە بە عێراق لەسەر جموجۆڵی ئەو هێزە میلیشیاییانەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن و دەڵێت ئەگەر ئەو جموجۆڵانە بنەبڕ نەکرێن ئەوا هێرشی ئاسمانی دەکرێتە سەریان. تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ئەگەری ئەو هێرشەی ئیسرائیل هەر هەیە و وەک لەناو عێراقەوە دەگوترێت "دەشێت ئەو هێرشە دواخرابێت بەڵام ئیسرائیل لەو بڕیارەی خۆی پاشگەز نەبووەتەوە."
ئەم پسپۆڕەی ئاسایش و ستراتیژی ئاماژەش بەوە دەکات کە زۆربەی جیهانی ڕۆژئاوا پشتیوانی دەکەن لەو ئەگەری هێرشکردنە بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، چونکە نایانەوێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی، هەربۆیەشە وەک دەڵێت "دەشێت ڕای گشتی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لەگەڵ ئاوەها هێرشێکدا بێت بۆسەر ئێران، ئەگەر بێتوو دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پێداگربن لەوەی نەچنە سەر مێزی دانوستاندن."
هەرچۆنێک بێت لەگەڵ بژاردەی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران وەک باسدەکرێت کاریگەرییەکی زۆر گەورەیشی دەبێت بەسەر عێراقەوە.
سەیف ڕەعد، هاوڕایە و دەڵێت "هێشتاش ئەو هێزە میلیشیایانە لە عێراقدان کە هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە حکومەت و دەوڵەتی عێراقەوە و بەڵکو پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان هەن بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە و فرمان لە پاسدارانەوە وەردەگرن و ئەو هێزانەش بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لە ئێران، مەگەر بڵێم سەرکردە ئێرانییەکان فرمانیان پێبکەن کە هیچ شتێک نەکەن."
ئایەتوڵا عەلی خامنەئی، ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیبووی "ئێران هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ناوکیی نادات و ناشیەوێت ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی."
بەڕێز ڕەعد، ئەو جۆرە ڕاگەیەندراوانەی ئێران بە جۆرێک لە نومایشت دەزانێت و هیچی تر، دەڵێت " بەشیکە لە دوا مانۆڕی ڕژێمی ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا بە گشتی و ئەمەریکاش بەتایبەتی دەیەوێت پێیان بڵێت ئێران بەرنامەی چەکی ناوکیی ناوێت؛ بەڵام هەموو ئاماژەکان و ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان دەڵێن ئێران بە ئاڕاستەی دروستکردنی بۆمبی ناوکیدا دەڕوات، ئەڵبەت بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە، ئەو بەرەنگاربوونەوەیەی پێویستیەتی لە بەرامبەر فشاری نێونەتەوەیی و هەرێمی بەکاریبهێنێت پاش ئەو شکستە گەورانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سوریا و لوبنانیشدا بەسەریدا هاتوون؛ هەربۆیەشە وەها دەزانێت بێجگە لە خاوەندارێتی بۆمبی ناوکیی هیچ چارەیەکی تری نییە و بڕیار دەدات نەچێتە سەر مێزی دانوستاندن."