سێ زیندای کورد و لوڕ کە بە تاوانی دزیکردن سزا دراون و ئێستا لە زیندانی ورمێ ڕاگیراون، لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە ڕووبەڕووی مەترسی بڕینەوەی ئەندامانی جەستەیان بۆنەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، داواکاری گشتی شاری ورمێ ئەو سێ زیندانییە کە بریتین لە هادی ڕۆستەمی، مەهدی شاهیوەند و مەهدی شەرەفیان-ی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەگەر نەتوانن لە سکاڵاکارانی دۆسیەکەیان تا مانگی داهاتووی ڕەزامەندی وەربگرن، سزاکەیان کە بریتییە لە بڕینەوەی پەنجەکانی دەستیان، جێبەجێ دەکرێت.
ڕێبین ڕەحمانی ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە پشتبەستن بە قسەی سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار لە دۆسیەی ئەو سێ زیندانییە بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەو سێ زیندانییە کە بە بڕینیەوەی پەنجەکانی دەستی ڕاستیان سزا دراون، لەئیستادا لە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆردا رۆژەکانیان بەسەر دەبەن."
ڕەحمانی وتیشی "ئەو سێ زیندانییە ماوەی 9 ساڵە لە زینداندان و یەکێک لە زیندانییەکان بە ناوی هادی ڕۆستمی دوو منداڵی کەمئەندامیشی هەیە."
هادی ڕۆستەمی، مەهدی شەرەفیان، و مەهدی شاهیوەند خەڵکی شارەکانی ئیلام و خوڕەمئاوا لە ساڵی 2015 لە لایەن پۆلیسی ئاسایشی شاری ورمێ دەستبەسەر کران و هەر سێیان لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لە مانگی یازدەی ساڵی 2019 لەلایەن دادگای تاوانەکانی منداڵان و نەوجەوانانەوە بە تۆمەتی "دزی"بە "بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستیان" و "گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی دزراو" سزا دران و ساڵێک دوای ئەوەش سزاکەیان لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا.
سزای بڕینەوەی پەنجە یان ئەندامەکانی دیکەی جەستە لە ئێراندا لە کاتێکدا جێبەجێ دەکرێت کە ئەم جۆرە سزایانە بەپێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان نموونەی ئەشکەنجەدان دەگرنەوە و هەربۆیە قەدەغەکراون. دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوایان لە ئێران کردووە ئەو جۆرە سزایانە ڕابگرێت.
بڕینەوەی پەنجە و دەست و قاچ وەک سزا بۆ ئەو کەسانەی کە بە تاوانی دزیکردن سزا دراون، لە یاسای سزای ئیسلامی لە ئێراندا هاتووە و وەک فەقێیە ئایینیەکان دەڵێن سزاکان بە پشتبەستن بە ئایەتی 38ی سورەتی مائیدەی قورئان دانراوە.
بەپێی ماددەی 278 لە یاسای سزادانی ئیسلامی، تاوانبار ئەگەر جاری یەکەمی دزیکردنی بێت، بە بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی سزا دەدرێت و ئەگەر جاری دووهەمی بێت، قاچی چەپی دزەکە لە خوار گوێزینگیەوە دەبڕدرێت و ئەگەر جاری سێیەمی بێت سزای هەتاهەتایی دەدرێت و ئەگەر بۆ جاری چوارەم دزی کردبێت ئەوا لەسێدارە دەدرێت.
هەروەها بەپێی ماددەی 82 لە پەیڕەوی جێبەجێکردنی ئەو جۆرە سزایانە، بڕینەوەی بەشەکانی جەستە بەبێ بێهۆشکردنی کەسی سزادراو یان بە بێ سڕکردنی ئەندامەکەی ئەنجام دەدرێت، مەگەر ئەوەی کە بڕینەکە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی برینەکەی یان ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئەندامی زیاتری کەسی سزادراو.
ڕێبین ڕەحمانی بە دەنگی ئەمەریکای وت "مەترسی بڕینەوەی پەنجەکانی دستی ئەو سێ زیندانییە لەکاتێکدایە کە پێشتریش لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوودا، سزای بڕینەوەی چوار پەنجەی دەستی ڕاستی دوو برای زیندانیکراوی کوردی خەڵکی سەرپێڵ و زەهاو بە ناوەکانی شەهاب و مێهرداد تەیمووری لە زیندانی ناوەندیی ورمێ بەبێ سڕ کردن و بێهۆشکردنیان بەڕێوەچووە."
ئەو سێ زیندانییە هەروەها پێشتریش لە نامەیەکدا ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤیان لە مەترسی جێبەجێکردنی سزاکەیان ئاگادار کردووەتەوە و نووسیویانە چەند جار نامەی تەوبەمان ناردووە بۆ دەزگای دادوەری ئێران و داوای لێبوردنمان کردووە، بەڵام داواکارییەکەمان ڕەتکراوەتەوە.
لە ئێستادا لانیکەم پێنج زیندانی تۆمەتبار بە "دزی" لە زیندانی ورمێدا سزای بڕینی پەنجەکانی دەستیان بۆ دەرکراوە کە بریتین لە هادی ڕۆستەمی تەمەن 34 ساڵ، مەهدی شەریفیان تەمەن 38 ساڵ، مەهدی شاهیوەند تەمەن 43 ساڵ، کەسرا کەرەمی تەمەن 41 ساڵ و مۆرتەزا ئیسماعیلیان تەمەن 44 ساڵ.
سێ زیندانی لە ئێران ڕووبەڕووی مەترسیی بڕینەوەی ئەندامانی جەستەیان دەبنەوە
