نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، دوای کۆبوونەوەی لایەنە کوردیەکان لە ڕۆژئاوا لە ژێر چاودێری فەڕەنسیەکان کورد گەشتۆتە لێکتێگەشتنی هاوبەش و ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی بە یەک هەڵوێستی بچنە شام بۆ دانووستان، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە.
فەتحوڵا حسێنی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆبوونەوە لە نێوان پارتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (پەیەنەکە) و ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی (ئەنەکەسە) بووە لەگەڵ فەرەنسیەکان، فەرەنسیەکان سوورن لەسەر ئەوەی یەک هەڵوێست هەبێت و هەردوولاش گەشتوونەتە لێکتێگەشتن و تەواو بووە، هەردوولا کۆتاییان پێهێناوە."
وتیشی،" ئامانجەکە ئەوەیە شاندێکی کوردیی یەکگرتوو دروست بکەن و بچنە دیمەشق بۆ گفتووگۆ، بەڵام دیارە ئەوان ڕای جیاوازیان هەیە، ڕای ئەنەکەسەی ناخۆیی و ڕای ئەنەکەسەی دەرەوەی ڕۆژئاوا، بەڵام سەرۆکی پارتیش جەختی لێکردۆتەوە دەبێت بە هەماهەنگی بچنە دیمەشق کە یەک هەڵوێستی کوردی هەبێت لەم قۆناغەدا."
هەرچەندە نوێنەرەکەی خۆسەر بێ ئاگایی خۆی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان لایەنەکوردیەکانی ڕۆژئاوا ڕاگەیاند، بەڵام دەنگی ئەمەریکا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئەنەکەسەوە زانیوێتی ئەمڕۆ 13ی ی مانگی سێ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەرپرسانی ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوا کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بە مەبەستی گەشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە چەند بەرپرسێکی باڵای ئەنجومەنی نیشتیمانی سوریا (ئەنەکەسە) لە ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان، ئەوان جەختیان لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەش کردەوە، بێ ئەوەی ورەکاری کۆبوونەوەکەی نیوانیان ئاشکرا بکەن.
بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئەنەکەسە کە نەیوسیت ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگ ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هێشتا لە کۆبوونەوەی بەردەوامداین لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، بەڵام لە ئێستادا ناتوانین هیچ شتێک رابگەیەنین تا لە بەیانامەیەکی فەرمیدا هەڵوێستی خۆمان بە هەموو لایەک ڕادەگەیەنین."
بە پێی قسەی میدیاکان دوێنێ 12ی مانگی 3 هەریەک لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامداوە، لە بارەی پەیوەندیەکەش بارەگای بارزانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردۆتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە،" مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەزلوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مەزلوم عەبدی وردەکاریی و دەرئەنجامی سەردانی خۆی بۆ دیمەشق و لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا بۆ سەرۆک بارزانی شی کردەوە. لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا ئەوەش دووپات کرایەوە کە پێویستە لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی سووریادا هەڵوێستی کوردی یەک بێت."
فەتحوڵا حوسێنی دەڵێت،" ئێمە لەگەڵ پارتی ڕێککەوتووین و مەسعود بارزانیش داوای یەک هەڵوێستی کردووە لە سوریا."
نوێنەرایەتی خۆسەر: لایەنە کوردیەکان ڕێککەوتوون و کۆتایی هاتووە تەنها ماوە ڕابگەیەندرێت
