Accessibility links

دەستووری کاتی سوریا نیگەرانی لایەن کوردییەکان و چاودێرانی لێدەکەوێتەوە


ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی کاتی سوریا بەیاننامەی دەستووری کاتی سوریای بۆ ماوەی پێنج ساڵ واژۆ کرد کە بەشێکی زۆری لە بڕگە و ماددەکانی ئەو دەستوورە بووەتە جێگای نیگەرانی لایەن کوردییەکان و چاودێران و دەڵێن دەستوورەکە ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنی و هەموو پێکهاتەکانی سوریا نییە.

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە " ئێمە وەک ئەندامانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات ڕەتکردنەوەی تەواوەتیمان بۆ ئەو بەیاننامە دەستورییە ڕادەگەیەنین کە لەلایەن حکومەتی کاتیەوە پێشکەش کراوە."

لەبەیاننامەکەی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتدا هەروەها هاتووە "ئەم ڕەشنووسە دەستوورییە پاوانخوازی لە فۆرمێکی نوێدا بەرهەم دەهێنێتەوە. دەسەڵاتی ناوەندی دەچەسپێنێت و دەسەڵاتی ڕەها دەداتێ و هاوکات چالاکی سیاسی بەرتەسک دەکاتەوە و پێکهێنانی حیزب قەدەغە دەکات. ئەم ڕێوشوێنانە ڕاستەوخۆ ڕێگری لە ڕێگای گواستنەوەی دیموکراسی دەکەن. سەرەڕای ئەوەش، ڕەشنووسەکە بە تەواوی پێویستی میکانیزمی ڕوون بۆ دادپەروەری ئینتقالی پشتگوێ دەخات و نەبوونی ئەو جۆرە بڕگانە تەنیا قەیرانی نیشتمانی قووڵتر دەکاتەوە."


بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەشڵێت "بە توندی هەر هەوڵێک بۆ دووبارە دروستکردنەوەی دیکتاتۆریەت لە ژێر پەردەی "قۆناغی ئینتقالی" ڕەتدەکەینەوە. هەر بەیاننامەیەکی دەستووری دەبێت دەرئەنجامی کۆدەنگیی نیشتمانیی ڕاستەقینە بێت نەک پڕۆژەیەک کە لەلایەن لایەنێکەوە سەپێنراوە بێت."

ئەوان لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوای دووبارە داڕشتنەوەی ئەو ڕەشنووسی دەستوورییە دەکەن و دەڵێن پێویستە دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و ئازادی چالاکی سیاسی مسۆگەر بکرێت و دان بە مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی سوریادا بنرێت.

هەروەها داوا دەکەن سیستەمێکی حوکمڕانی دیموکراسی لامەرکەزی بە میکانیزمی ڕوون بۆ گەیشتن بە دادپەروەری ئینتقالی بگیرێتەبەر و دەڵێن سوریا نیشتمانێکە بۆ هەموو گەلەکەی و دەسەڵاتێکی پاوانخواز قبوڵ ناکات.

لەڕەشنووسی دەستووری کاتی سوریا هاوشێوەی دەستووری ڕژێمی پێشووی سوریا، ئیسلام ئایینی سەرۆککۆمارە و فیقهی ئیسلامی "سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان" دەبێت.

هەروەها هاتووە کە نە پەرلەمان دەتوانێت سەرۆککۆمار لا بدات و نە سەرۆککۆماریش دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
بە پێی دەستووری کاتی سوریا یەک لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی ئینتقالی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەلشەرعەوە دیاری دەکرێن. هەوەها زمانی عەرەبی تاکە زمانی فەرمی وڵاتەکەیە.

دکتور کامران مەتین، مامۆستای زانکۆ لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بەریتانیا سەبارەت بە دەستووری کاتی سوریا دەڵێت " ڕاگەیاندنی دەستووری کاتی سوریا کە ئەمڕۆ لەلایەن ئەحمەد ئەلشەرع واژۆ کرا و بڵاوکرایەوە، ڕێگە خۆش دەکات بۆ ستەمکاری و خۆسەپاندن و پێچەوانەی دیموکراسی و فرەیی و گشتگیری سیاسییە و هەروەها پێشێلکردنی ڕێککەوتنی نێوان مەزلوم کۆبانی و ئەحمەد ئەلشەرعیشە."

دکتور مەتین دەشڵێت "مادەی یەکەمی ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق گەرەنتی فەراوانکردنی مافە دەستوورییەکان بۆ کورد بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستورە کاتیەکەی سوریا هیچ کام لەو ماف و پرەنسیپانەی تێدا نییە کە کوردەکن داوایان کردووە کە بریتین لە لامەرکەزیەت و داننان بە زمانی کوردی و خۆبەڕێوەبەری و دەستورێکی فرەیی و عەلمانی و گشتگیر."

هاوکات ئەنجومەنى نیشتمانى کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت دەستوورى کاتی سوریا تووشى شۆکى کردوون و دەڵێن فرەیی لە سوریا پێشتگوێ خستووە و تەنیا ناسنامەى یەک نەتەوەیى جێگیر کردووە.

ئەنەکەسەدا لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا داوای هەڵوێستی هێزە نیشتمانی و دیموکراسیی و نەتەوەییەکانی ئەو وڵاتە دەکات بەرامبەر بەو دەستوورە بۆ ئەوەى دەسەڵاتی ئەڵشەرع ناچار بکەن چاو بەو دەستوورەدا بخشێنێتەوە و فرەیی سیاسی و نەتەوەیى تێدا بێتەدى.

XS
SM
MD
LG