Accessibility links

زانایانی ئەمەریکا بە سەرکەوتوویی خانەی مێشک لە پێست دروستدەکەن


لە هەنگاوێکی گەورەی پزیشکیدا، زانایان لە ئەمەریکا ڕێگایەکیان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر کارا خانەی پێست بگۆڕدرێت بۆ خانەی مێشک.

زانستی "پزیشکیی دووبارە بوونیادنانەوە" یەکێکە لەو بوارانەی کە ئەگەری وەرچەرخانی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی هەیە لە ڕێگەی چاککردنەوە یان گۆڕینی شانە و ئەندامە تێکچووەکانی لەش.

سەرکەوتنی ئەم زانستە دەبێتە هۆی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ چەندین نەخۆشی وەکو پارکینسۆن و ئەلزەهایمەر و سۆفان و تەنانەت شێرپەنجە.

هەروەها ئەم زانستە هاوشانی پێشکەوتنەکانی ژیری دەستکرد، دەتوانێت ببێتە هۆی دابینکردنی چارەسەری تایبەت بۆ کەسەکان و دابینکردنی دەرمان بە گوێرەی پێکهاتەی بۆماوەیی هەر کەسێک.

ساڵی 2012 خەڵاتی نۆبڵ پێشکەش بە دوو زانای بەریتانیا و ژاپۆن کرا بەهۆی دۆزینەوەکانیان لە بواری "پزیشکیی دووبارە بوونیادنانەوە" و داهێنانەکانیان لە گۆڕینی خانەی پێگەیشتوو بۆ خانەی بنەڕەتی و "فرەتوانایی."

بەڵام ئەو داهێنانەی دوو زاناکە گرفتی ئەوەی هەبوو کە پرۆسەی گۆڕینی خانەکان ئاڵۆز و درێژخایەن بوو، هژەروەها ئاستی سەرکەوتن لە پرۆسەکەدا گەرەنتیکراو نەبوو.

دوێنێ، 13ـی سێی 2025، پەیمانگای تەکنەلۆجیای ماسەچوسێتس ڕایگەیاند زاناکانی توانیویانە ئەو بەربەستانە چارەسەربکەن و لە ماوەیەکی کەمدا بە ڕێژەی هەزار لە سەد ئەنجامەکان بەدەستبهێنن. بە واتایەکی تر، هەر سەرچاوەی خانەیەک کە کاری لەسەر دەکرێت، دەتوانرێت 10 خانەی نوێی لێ دروستبکرێت.

کەیت گاڵۆوەی، یەکێک لە ئەندامانی لێکۆڵینەوەکە، ڕایگەیاند، "توانیمان بگەینە ئەو ئەنجامەی پرسیار بکەین سەبارەت بەوەی کە ئایا دەکرێت ئەم خانانە ببن بە بژاردە بۆ ئەنجامدانی چارەسەری جێگرەوەی خانەکان. هیوادارین بەم شێوەیە بێت چونکە ئەم جۆرە لە زانست دەمانگەیەنێت بەو ئامانجە."

تیمە زانستییەکە ئەم لێکۆڵینەوەیان لەسەر مشک ئەنجامداوە، بە ڕێگای گۆڕینی خانەی پێستی مشک بۆ دەمارە خانەی مێشک و پاشان دانانی خانە دروستکراوەکان لە مێشکی چەند مشکێکی تاقیگە.

دوای دوو هەفتە، زاناکان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە ژمارەیەکی زۆری دەمارە خانە دروستکراوەکان کەوتونەتە کار و پەیوەندییان لەگەڵ بەشەکانی تری مێشک بەستووە.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە لە گۆڤاری سیستەمکانی خانە بڵاوکراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG