محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی هەینی 14ی مانگی سێ ڕایگەیاند سەرکردەی داعشیان لە عێراق و سوریا کوشتووە. سودانی ئەو سەرکردەی داعشەی بە "یەکێک لە مەترسیدارترین تیرۆریستان لە عێراق و جیهان" ناودێر کردووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس هەواڵەکەی ڕاگەیاندووە و نووسیوێتی "عەبدوڵا مەکی موسلح ئەلرفیعی ناسراو بە ئەبو خەدیجە، سەرکردەی داعش لە عێراق و سوریا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە کوژراوە."
محەممەد شیاع سودانی ئاماژەی بەوە کردووە کە کوشتنی سەرکردەی داعش بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجامدراوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکۆتایی نووسینەکەیدا دەڵێت "پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتە ئەمنییە گرنگە لە عێراق و عێراقییەکان و هەموو گەلانی ئاشتیخواز دەکەین."
گروپی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش، گرووپێکی ئایینی توندڕەون و ساڵانێک فەرمانڕەوایی ملیۆنان کەسیان لە سوریا و عێراقدا کردووە.
ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆکی پێشووی ئەو گروپە لە ساڵی 2014 دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا فراوانتر کرد کە نزیکەی چارەکێکی عێراق و سوریای گرتەوە و خەلافەتی خۆی ڕاگەیاند. ناوبراو لە ساڵی 2019 کوژرا.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو گرووپە و شانەکانی ژمارەی هێرشەکانیان لەم دوایانەدا زیادکردوو و لە هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی تواناکانیدان.