سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایسی عێراق ڕایدەگەیەنێت، جێگری خەلیفەی داعش لە عێراق و سوریا کە سەرۆک وەزیرانی عێراق کوژرانی ڕاگەیاند، یەکێک بوو لە سەرکردە پڕ لە جوڵەکانی داعش و هاندەریان بوو بۆ هێرشکردنە سەر هێزە سەربازییەکانی عێراق.
سەرچاوە ئاسایشییەکەی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"عەبدوڵا مەکی ناسراو بە ئەبوخەدیجە کە کوژرانی ڕاگەیەنرا، ماوەیەک لە سنووری کەرکوک و دیالەو سەڵاحەدین بەرپرسیارێتی هەبووەو ڕۆڵی بزوێنەری چەکدارانی داعشی گێڕاوە."
سەرچاوەکە ئەمنییەکە دەڵێت،"ئەبوخەدیجە تەمەنی 34 ساڵەو خەڵکی گوندی روفەیعاتی ناحیەی بەلەدە، لەتەمەنێکی کەمدابوو کاتێک پەیوەندی بە گروپە چەکدارە توندڕەوەکانەوە کرد."
ئەمڕۆ هەینی، 14 ی مانگی 3 ی 2025، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند،"پاڵەوانەکانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق بە پاڵپشتی و هەماهەنگی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، توانییان تیرۆریست عەبدوڵا مەکی ناسراو بە ئەبوخەدیجە بکوژن، کە جێگری خەلیفەی عێراق و سوریای داعشە."
دەشڵێت،"ئەبوخەدیجە بە یەکێک لە تیرۆرستە مەترسیدارەکانی عێراق و جیهان دادەنرێت."
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی کوژرانی جێگری خەلیفەی داعش، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی نەکردووە بە ڕۆڵی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم لە کوژرانی ئەبوخەدیجەدا، لەکاتێکدا لەسەر بنەمای زانیاری ئەوان ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامدراوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت،"دوای چەندین ساڵ بەدواداچوون و بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و دواتر لەگەڵ هێزەکانی فیدراڵی عێراقی، جێگری خەلیفەی داعش و بەرپرسی داعش لە عێراق و سوریا بە ناوی عەبدوڵا مەکی ناسراو بە ئەبوخەدیجە کوژرا."
لای خۆشیەوە، لیوا مەردان چاوشین جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە-حەمرین ی هێزی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشتریش چەند جارێک هەواڵی کوژرانی ئەبوخەدیجە بڵاوکراوەتەوە، چونکە داعش چەندین ئەبوخەدیجە ناویان هەبووە."
دەنگی ئەمەریکا لە ڕێگەی چەند سەرچاوەیەکەوە، وێنەی عەبدوڵا مەکی ناسراو بە ئەبوخەدیجەی دەستکەوتووە، کە قژ و ڕیشێکی درێژی هەیەو کڵاوێکی ڕەشی لەسەردایە، پێدەچێت مێژووی وێنەکە بۆ سەرەتای درووستبوونی داعش بگەڕێتەوە.