Accessibility links

ڕوبیۆ: بەبێ ترامپ هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا نییە


مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی 14ی مانگی سێ بە ئاماژەدان بە شەڕی بەردەوامی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە، وتی "بەبێ دەستێوەردانی سەرۆکی ئەمەریکا، هیچ ئاسۆیەک بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە نییە."

بەگوێرەی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕوبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە هیچ ڕێگەچارەیەکی سەربازی بۆ ئەم شەڕە لە ئارادا نییە و وتیشی "ڕووسیا و ئۆکرانیا ناتوانن ئەوپەڕی ئامانجە سەربازییەکانیان دەستەبەر بکەن."

ڕووسیا لە دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا، لە ئیستادا نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیای کونتڕۆڵ کردوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە تاکە ڕێگە بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە لە ڕێگەی دانوستانەوەیە، هەروەها بە ئاماژەدان بە پلانی ئاگربەستی 30 ڕۆژەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەشکرد کە دانوستانەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام زۆر قورس دەبێت کاتێک شەڕێکی سەرتاسەری بەڕێوەبچێت.

پێش سەفەری ستیڤ ویتکاف نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ مۆسکۆ و دیدارەکەی لەگەڵ کاربەدەستانی ڕووسیا، ڕوبیۆ هیوای دەربڕی کە "وەڵامێکی ئەرێنی" لە ڕووسیا سەبارەت بە پلانی ئاگربەستی 30 ڕۆژە لەگەڵ ئۆکرانیا وەربگیرێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ناوبراو ڕایگەیاندووە "هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە قبووڵی بکەین کە هیچ ڕێگەچارەیەکی سەربازی بۆ ئەم ململانێیە نییە و هیچ کام لە لایەنەکان ناتوانن لە ڕووی سەربازییەوە بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن."

مارکۆ ڕوبیۆ جەختی لە هەنگاونان بەرەو ئاگربەست و کۆتایی هاتنی خێرای شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد "ئەستەمە" هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەستپێبکرێت لەکاتێکدا شەڕ بەردەوامە و خەڵک دەکوژرێت.

هەروەها هیواشی دەربڕی کە دوژمنایەتیەکان ڕابگرن و لایەنەکان لەسەر مێزی دانوستان دابنیشن بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە ئەنجامێکی قبوڵکراو لەلایەن هەردوو وڵات و خۆشگوزەرانی و ئاسایشی درێژخایەنیش بۆ ئۆکرانیا مسۆگەر بکەن.

سەبارەت بە هەڵوێستی ئۆکرانیا ڕوبیۆ ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان دەیانەوێت گەرەنتی ئەمنی درێژخایەن و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی جەنگ و هاوکاری مرۆیی وەربگرن.

XS
SM
MD
LG