Accessibility links

بەرپرسێکی هەرێم: فشاری ئەمەریکا نەبێت عێراق موچەو بودجە بۆ هەرێم نانێرێت


بەرپرسێکی باڵای هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت فشاری ئەمەریکاو هاوپەیمانان هۆکاری ناردنی بودجەو موچەی هەرێمی کوردستانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، گەرنا حکومەتی عێراق دەستی دەستی دەکات و هەرجارەو گرفتێکی دارایی بۆ هەرێم دروست دەکات.

بەرپرسە باڵاکەی هەرێمی کوردستان کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر فشاری ئەمەریکاو هاوپەیمانان نەبێت، عێراق ئامادە نییە مافە دەستوری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بدات."

دەشڵێت،"سەرجەم کێشە هونەرییەکانی بەردەم ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم چارەسەرکراون، بەڵام بەهۆکاری سیاسی گرفت بۆ ناردنی موچەی موچەخۆران دروست دەکرێت."

فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی 12 ی ساڵی 2024یان وەرنەگرتووە، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی دابەش نەکردنی موچەی ئەو مانگە دەخەنە ئەستۆی یەکتری.

هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان موچەی مانگی دووی دام و دەزگاکانی دابەش نەکردووە، لەکاتێکدا ئێستا 15 ی مانگی سێ یە، هۆکاری ئەمەش بۆ درەنگ ناردنی موچە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەگێڕدرێتەوە.

سیپان عەزیز، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕۆڵی هاوپەیمانان بە تایبەت ئەمەریکا لە چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەولێرو بەغدا ئەرێنییە، ئەوان دەیانەوێت بەپێی دەستورو یاساو مافە فیدراڵییەکان کێشەکان چارەسەر بکرێن."

دواخستنی ناردنی موچەی مانگی دووی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەفدی عێراق ئاماژەیان بەوەکرد، لەگەڵ عێراق ڕێککەوتوون و موچەی ساڵی 2025 گرفتی نابێت.

عەبدوڵا عەلیاوایی، راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"نێوەنگیری ئەمەریکا لە نێوان عێراق و هەرێم کارێکی باشە گەر پابەندیان بکات بە ڕێککەوتن، چونکە دۆخی عێراق قورسەو هەموو شتێک لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران نییە."

دەشڵێت،"ئەو هەموو لایەنە سیاسییەی لە عێراق هەن ئاراستەی حکومەت و وەزارەتی دارایی دەکەن، سەرۆکوەزیران پێیخۆشە کێشەکان چارەسەر بن، بەڵام نەیارەکانی گرفت دروست دەکەن و نایانەوێت سەرکەوتوو بێت."

لە مانگی 3 ی ساڵی 2023 ەوە، ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە، عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر داوای ئەمەریکا سەرقاڵی دانوستانن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم.

XS
SM
MD
LG