پۆلیس دەڵێت چەکدارێک لە بینایەکی تەندروستی ناوەڕاستی شاری ئەتڵانتای ئەمەریکا تەقەی کردووە و ژنێکی تەمەن 39 ساڵی کوشتووە و چوار کەسی دیکەشی بریندار کردووە، دواتر ئوتومبێلێکی دزیوە و هەڵاتووە.
سەرۆکی پۆلیسی ئەتڵانتا دارین شیرباوم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی گومانلێکراوە کە ناوی دیۆن پاترسنە و تەمەن 24 ساڵە، دوابەدوای تەقەکردنەکەی لە ناوەندی تەندروستی نۆرثساید چەند کاتژمێرێکە هێشتا نەدۆزراوەتەوە.
وتیشی ئەو چەکەی لە تەقەکردنەکەدا بەکارهێندراوە نەدۆزراوەتەوە و پاترسن " چەکدار و مەترسیدارە."
وتیشی بریندارەکان و کوژراوەکە سەرجەمییان ژن بوون. وتیشی هێشتا زووە بزانرێت ئایا بە مەبەست کراونەتە ئامانج یاخود ئایا نەخۆش بوون یان کارمەند. چەکدارەکە لەگەڵ دایکیدا هاتووە بۆ ناوەندە تەندروستییەکە، بەڵام دایکی بریندار نەبووە.
شیرباوم وتی دوابەدوای تەقەکردنەکە گومانلێکراوەکە ئوتومبێلێکی دزیوە و هەڵاتووە. دواتر ئوتومبێلەکە دۆزراوەتەوە.
هەروەها داوای لە هاوڵاتیان کرد یارمەتی پۆلیس بدەن لە دۆزینەوەی چەکدارەکەدا، بەڵام ئاگاداری کردنەوە لێی نزیک نەبنەوە.
پۆلیس چوار وێنەی گومانلێکراوەکەی لە تویتەر بڵاوکردەوە، لە وێنەکاندا پیاوێک دەردەکەوێت لە بەردەم دەرگاکەدا و دەستی بەرزکردۆتەوە و شتێکی پێیە کە لە دەمانچە دەچێت. ئامانجەکەی لە وێنەکاندا دیار نیە.
بەرپرسی نەخۆشخانەی گرەیدی میمۆڕیاڵ ڕۆبەرت جانسن وتی چوار ژنە بریندارەکە سەرجەمییان گەورە بوون. سێ بریندارییان لە دۆخێکی خراپدان و نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، ئەوی دیکەیان لە ژووری فریاکەوتنی خێرادا چارەسەری بۆ کراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز