Accessibility links

کەنەدا دیبلۆماتکارێکی چینی لە وڵاتەکە دەردەکات


کەنەدا دیبلۆماتکارێکی چینی لە تۆرۆنتۆ دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری تۆمەتباری دەکات بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ بە ئامانجکردنی یاسادانەرێکی کەنەدی کە ڕەخنەی لە چۆنێتی مامەڵەکردنی چین گرتووە لەگەڵ کەمینە موسوڵمانەکانی یوگۆری هەرێمی شنگیانگی چین.

وەزیری دەرەوەی کەنەدا میڵەنی جۆلی وتی " ڕێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی نادەین."

دەرکردنی دیبلۆماتکاری چینی ژاو ویی ڕەنگە پەیوەندییەکانی نێوان کەنەدا و چین خراپتر دەکات و ببێتە هۆی ئەوەی چین کە دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی کەنەدایە، وەڵام بداتەوە.

باڵیۆزخانەی چین لە ئۆتاوا سەرکۆنەی دەرکردنەکەی کرد و بە فەڕمی ناڕەزایی خۆی بۆ حکومەتی کەنەدا دەربڕیوە.

وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە کەنەدا وتی " چین بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ڕێوشوێنی پێچەوانە دەگرێتەبەر."

ڕۆلاند پاریس، کە ڕاوێژکاری پێشووی سیاسیی سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ بووە و هاوکات پڕۆفیسۆر بووە لە بەشی کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی ئۆتاوا، وتی ئەگەری زۆری هەیە چین بە دەرکردنی دیبلۆماتکارێکی کەنەدی وەڵام بداتەوە.

دەزگای سیخوڕی و هەواڵگری ئاسایشی کەنەدا لە ساڵی 2021 دا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لە کاریگەریی چین کردووە لە کەنەدادا، هەروەها باس لە چەند زانیارییەک دەکات سەبارەت بە ئەگەری هەبوونی مەترسی لەسەر مایکڵ چۆنگی ئەندام پەرلەمان و خێزانەکەی.

دوای ڕاگەیاندنەکە، چۆنگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " نەدەبوو حکومەت دوو ساڵی پێبچێت تاوەکو ئەم بڕیارە بدات."

چین دەڵێت هەرگیز دەستی وەرنەداوەتە کاروباری ناوخۆی کەنەداوە و هیچ بەرژەوەندییەکیشی لەو کارەدا نیە. کونسوڵخانەی گشتی چین لە تۆرۆنتۆ وتی ڕاپۆرتەکەی سەر چۆنگ " هیچ بنەمایەکی ڕاستیی تێدا نیە و بە تەواوەتی بێ بنەمایە."

وردەکارییەکان سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە لە 1 ی مانگی پێنجدا دەرکەوتن، کاتێک ڕۆژنامەی گڵۆب و مەیڵ بڵاوییان کردەوە چین هەوڵی دەستکەوتنی زانیاری داوە لەسەر چۆنگ و خێزانەکەی لە چین، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی " بیکات بە نموونەیەک " و ڕێگری بکات لەوانی دیکەش کە هەڵوێستی دژ بە حکومەتی چینییان هەیە.

ڕۆژنامەی گڵۆب لە زاری سەرچاوەیەکی ئاسایشی نیشتیمانی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە ژاو دەستی هەبووە لە کۆکردنەوەی زانیارییدا سەبارەت بە چۆنگ، چۆنگ لە ساڵی 2021 دا سپۆنسەری پڕۆژە بڕیارێکی سەرکەوتووی کرد کە تیایدا مامەڵەکردنی چینی لەگەڵ کەمینە موسوڵمانەکانی یوگۆردا بە کۆمەڵکوژی ناساند.

چۆنگ وتی " زۆر نائومێد بووە " کاتێک لە ڕۆژنامەیەکەوە زانیویەتی کە مەترسی هەیە لەسەر ژیانی خێزانەکەی لە هۆنگ کۆنگ، هەروەها ڕەخنەی لە حکومەتەکەی ترودۆ گرت لەسەر ئەوەی هیچ کارێکییان نەکردووە. چۆنگ لە دوای ڕاپۆرتەکەی گڵۆبەوە چەند جارێک داوای دەرکردنی ژاویی کردووە.

ترودۆ وتی لە ڕۆژنامەکەوە بە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکەی زانیوە، ڕۆژی چوارشەممەش لۆمەی دەزگای سیخوڕی کەنەدای کرد لەسەر ئەوەی لەو کاتەدا ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکەی پێ ڕانەگەیاندووە.

ئێستا دەزگاکە فەرمانی پێکراوە دەستبەجێ زانیارییەکان سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەر ئەندامانی پەرلەمان و خێزانەکانییان بە حکومەت ڕابگەیەنێت.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کەنەدا چەندین ڕاپۆرتییان لە زاری سەرچاوە هەواڵگریییە نەناسراوەکانەوە بڵاوکردۆتەوە، کە تیایاندا باس لەوە دەکرێت بەرنامە هەن لەلایەن حکومەتی چینەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ دەستوەردان لە دوایین دوو هەڵبژاردنەکانی کەنەدادا. پەکین ئەو جۆرە تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە.

پێشتر ترودۆ ئاماژەی بەوەداوە چین هەوڵیداوە دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019 و 2021 ەوە، بەڵام هەوڵەکانییان ئەنجامی هەڵبژاردنەکانییان نەگۆڕیوە. هەروەها لێکۆڵەرەوەیەکی تایبەتی سەربەخۆی دەستنیشان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە.

گرژییە دیبلۆماتییەکانی نێوان کەنەدا و چین هێشتا لە ئاستێکی بەرزدان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2018 دا بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هواوی تەکنەلۆجیس مێنگ وانژو لە کەنەدا دەستگیرکرا و چین دوو هاوڵاتی کەنەدی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکرد. هەر سێ دەستگیرکراوەکە لە ساڵی 2021 دا ئازاد کران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG