Accessibility links

بەهۆی لافاوەوە لە مالیزیا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و 70,000 کەسیش ئاوارە بوون


دوای لافاوێکی گەورە، سوپای مالیزیا بەلەمی بەکارهێنا بۆ دابەشکردنی خۆراک بەسەر ئەو کەسانەدا کە لە ماڵەکانیان گیریان خواردووە، لەکاتێکدا ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی لافاوەکەوە بەرز بۆوە بۆ 14 کەس و زیاتر لە 70,000 کەسیش ئاوارەبوون.

چەند ڕۆژێک لە باران بارینێکی زۆر بووە هۆی لافاوێکی گەورە لە مالیزیا، شار و گوندەکانی داپۆشی و ڕێگە سەرەکییەکانی داخست.

ویلایەتی سیلانگۆر کە دەوڵەمەندترین و قەرەباڵغترین ویلایەتە لە وڵاتەکەدا، یەکێکە لەوانەی کە لافاوەکە بەخراپیی گرتوویەتیەوە و زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.

ڕۆژی سێشەممە لە شاری شا ئەلام هەندێک لە شوێنەکان هێشتا بە ئاو داپۆشرابوون، هێزە سەربازییەکان لەڕێی بەلەمەوە خواردنیان بەسەر ئەو خەڵکانەدا دابەش دەکرد کە لە ماڵەکانی خۆیان یاخود پەناگەکانی حکومەت گیریان خواردووە.

هەزاران ئەندامی تیمەکانی خزمەتگوزاری بەپەلە و هێزە سەربازییەکان بڵاوکراونەتەوە، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن ئەوە بەس نیە و خۆبەخشەکانیش دەستیان کردووە بە دابینکردنی خۆراک و بەلەم بۆ تیمەکانی فریاکەوتن.

ئەندامی ئۆپۆزسیۆنی مالیزیا لە پەرلەمانی وڵاتەکە فەوزیە ساڵح ڕەخنەی لە چۆنێتی مامەڵەکردنی حکومەت گرت لەگەڵ لافاوەکەدا و وتی " پێشتر ئاگادارییان نەداوە سەبارەت بە باران بارینێکی زۆر، زۆر بەداخەوە ئەو خەڵکانە گیانیان لەدەستدا."

دەزگای هەوالی فەڕمی بێرناما وتی بەیانی ڕۆژی سێشەممە ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی لافاوەکەوە بەرز بۆوە بۆ 14 کەس، هەشت کەسیان لە سیلانگۆر و شەش کەسی دیکەیان لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی پاهانگ.

بەپێی داتا فەڕمییەکان، زیاتر لە 70,000 کەس ناچاربوون بەهۆی لافاوەکەوە ماڵەکانیان جێبهێڵن، 41,000 کەسیان لە پاهانگ و 26,000 کەسی دیکەیان لە سیلانگۆر.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG