Accessibility links

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا گەشتەکەی بۆ ئاسیا دەستپێدەکات


سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی گەشتەکەی بۆ وڵاتانی ئاسیا دەستپێدەکات، ئۆفیسەکەی پیڵۆسی هیچ ئاماژەیەکی بە تایوان نەدا.

ئۆفیسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا وتی " سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نانسی پیڵۆسی ڕابەرایەتی شاندێکی کۆنگرێس دەکات بۆ ناوچەی هیندۆ پاسیفیک، لەوانەش سینگاپوور و مالیزیا و کۆریای باشوور و ژاپۆن."

وتیشی سەردانەکە ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە، بەڵام بەدیاریکراوی ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا پیڵۆسی سەردانی تایوان دەکات یاخود نا.

وتی " گەشتەکە سەنگ دەخاتە سەر ئاسایشی هاوبەش و هاوبەشی ئابووری و حکومڕانی دیموکراتی لە ناوچەی هیندۆ پاسیفیکدا."

چین کە تایوان بە بەشێک لە خاکەکەی خۆی دەزانێت، سەردانەکانی بەرپرسانی ئەمەریکا بۆ تایوان وەکو هاندانی تایوانی دیموکراتخواز سەیر دەکات. واشنتن پەیوەندییەکی دیبلۆماتی فەڕمی لەگەڵ تایواندا نیە بەڵام بەپێی یاسا پابەندە بە دابینکردنی چەک بۆ تایوان تاوەکو بەرگری لە خۆی بکات.

سەردانەکەی پیڵۆسی پیشاندانی پشتیوانی ئەمەریکا دەبێت بۆ تایوان. نیوت گینگریچ دوایین سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بوو کە لە ساڵی 1997 دا سەردانی تایوانی کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی چین شی جین پینگ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنی وت واشنتن دەبێت پابەندی بنەمای یەک چین بێت و " ئەوانەی یاری بە ئاگر دەکەن بەو ئاگرە نامێنن."

بایدن بە شی وت سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر تایوان نەگۆڕاوە و واشنتن بەتوندی دژایەتی هەوڵە تاکلایەنەکان دەکات بۆ گۆڕینی پێگەی هەنووکەیی تایوان یاخود دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاشتی و سەقامگیری سەرانسەری تەنگەی تایوان.

وەزارەتی دەرەوەی تایوان ڕۆژی هەینی دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان بایدن و شی وتی تایوان بەردەوام دەبێت لە قووڵکردنەوەی هاوبەشییە نزیکە ئاسایشییەکەی لەگەڵ ئەمەریکادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG