Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە سۆماڵ هەشت کەس گیانیان لەدەستدا


پۆلیس وتی بەهۆی تەقینەوەی ئوتومبێلێکەوە لە نزیک خوێندنگایەک لە مەقدیشۆی پایتەختی سۆماڵ هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە، جیهادییەکانی ئەلشەباب بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان ڕاگەیاند.

وتەبێژی پۆلیسی سۆماڵ عەبدیفەتاح عەدان وتی " بەهۆی تەقینەوەکەوە هەشت هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و 17 کەسی دیکە برینداربوون."

لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسی ئاسایشی سۆماڵ محەمەد عەبدیلاهی بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت تەقینەوەکە بەهۆی تەقینەوەی ئوتومبێلێکەوە بووە کە بووە هۆی برینداربوونی 11 خوێندکار.

وتی " ئامانجی هێرشەکە نازانین."

ئەلشەباب بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند و وتی ئامانجەکەیان " ڕاهێنەرە سەربازییەکان " بووە.

ئەلشەباب بەرپرسیارێتی دوو هێرشی دیکەیان لە مانگی نۆدا ڕاگەیاندووە کە بە هەردوو هێرشەکە 17 کەس کوژران.

لە تەقینەوەی ئوتومبێلێکدا لە 25 ی مانگی نۆدا لەنزیک باڵەخانەی سەرۆکایەتی سۆماڵەوە هەشت کەس کوژران، لەنێو کوژراوەکاندا ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیری سۆماڵ بۆ کاروباری ئافرەتان و مافەکانی مرۆڤ، هیباق ئەبوبەکری تێدا بووە.

نۆ ڕۆژ لەوەوبەر، لە تەقینەوەیەکی دیکەدا لە نزیک خاڵێکی پشکنین لە مەقدیشۆ 9 کەس کوژران، زۆربەی کوژراوەکان سەر بە هێزەکانی ئاسایشی سۆماڵ بوون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG