Accessibility links

نوێنه‌رانی ئه‌مریكا و كۆریای باكور له‌ جنێڤ كۆده‌بنه‌وه‌


وتووێـژكاری باڵای وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ كۆریای باكور له‌ جنێڤ ده‌سـتیـكرد به‌ وتووێـژكردن له‌گه‌ڵ هاوتای كۆریای باكوری له‌پـێناو هه‌ڵـوه‌شـاندنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ناوه‌كی پـیۆنگیانگ.

ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كان یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كرسـتۆفه‌ر هێـڵ ڕایگه‌یاند كه‌ هه‌وڵ ده‌دات مشتومڕێـكی سه‌رتاسه‌ری له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كۆریای باكوردا ئه‌نجام بدات بۆ خستنه‌ ڕووی ته‌واوی به‌رنامه‌ی چه‌كی ناوه‌كی كۆریای باكور.

شـایانی ئاماژه‌ پـێدانه‌ به‌ گوێره‌ی ڕێـكـكه‌وتنی شه‌ش لایه‌نی پـێشـوو ده‌بوایه‌ پـیۆنگیانگ لیستێـكی ته‌واوی گشت به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌یان به‌ كۆتایی ساڵـی ڕابردوو بخه‌نه‌ ڕوو، به‌ڵام واشـنتن ده‌ڵێت هێشـتا ئه‌و لیسـته‌ ته‌واو نیـیه‌. وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا داوای له‌ كۆریای باكور كردووه‌ كه‌ به‌رنامه‌ی پـیتاندنی یۆرانیۆم بخه‌نه‌ ڕوو، ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له‌مه‌وبه‌ر ئاشـكرا نه‌كراوه‌.

به‌ڕێز هێـڵ گوتی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پـێشـنیازی چه‌ند بۆچوونێـك ده‌كات تا دانوسـتاندنه‌كان بكه‌ونه‌وه‌ گه‌ڕ، به‌ڵام ورده‌كاری ئه‌و پـێشـنیازانه‌ی ئاشـكرا نه‌كرد و گوتیشی ئه‌مریكا به‌نیازه‌ نه‌رمی بنوێنێت له‌گه‌ڵ كۆریای باكوردا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵـێنه‌كانیان له‌ خسـتنه‌ ڕووی به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن.

XS
SM
MD
LG