Accessibility links

له‌ ئاکامی پـێـکدادانێـکدا له‌ نێوان هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌سـتینی و حه‌ماس 6 که‌س ده‌کوژرێن


کاتێـک پـۆلیسی فه‌له‌سـتینی دای به‌سه‌ر حه‌شـارگه‌یه‌کی ڕێـکخراوی حه‌ماسی ئیسلامیدا له‌ شـاری قه‌لقیلیه‌ له‌ که‌ناری ڕۆژئاوا شه‌ڕێـک به‌ چه‌ک ڕوویدا. ئه‌و هه‌ڵـهاتووانه‌ی له‌ ماڵه‌که‌دا بوون به‌ تفه‌نگ ته‌قه‌یان کرد و هه‌نارۆکیان هه‌ڵـدا له‌ هه‌وڵێـکدا بۆ پاڵـنان به‌ پـۆلیسـه‌وه‌ بۆ دواوه‌.

شه‌ش که‌س کوژران، 2 چه‌کدار له‌ ڕێـکخراوی حه‌ماس و سـڤیلێـکی لایه‌نگریان و 3 له‌ پـیاوانی پـۆلیسی سه‌ر به‌ سه‌رۆک مه‌حمود عه‌باس که‌ لایه‌نگری ڕۆژئاوایه‌.

ئه‌مه‌ش کوشـنده‌ترین پـێـکدادانه‌ له‌ که‌ناری ڕۆژئاوا له‌وه‌تای حه‌ماس کۆنتڕۆڵی که‌رتی غه‌ززه‌ی کردووه‌ له‌ دوو سـاڵ له‌مه‌وپـێشه‌وه‌ و هێزه‌کانی فه‌تحیان وه‌ده‌رنا که‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێز عه‌باسن.

حه‌ماس به‌ڕێز عه‌باس که‌ سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌تی میانڕه‌و ده‌کات له‌ که‌رناری ڕۆژئاوا تاوانبار ده‌کات به‌وه‌ی هاریکاری ئیسرائیل ده‌کات.

گوته‌بێژ به‌ ناوی پـۆلیسـه‌وه‌ عه‌دنان دامیری گوتی چه‌کداره‌کانی حه‌ماس چه‌کی قورس و مه‌ترسـیداریان پـێـبووه‌.

گوتیشی زیاتر له‌ 150 کیلۆگرام له‌ ته‌قه‌مه‌نی دۆزرانه‌وه‌ له‌ ماڵه‌که‌دا، له‌وانه‌ 2 پـشـتێنی خۆکوژی.

لێـپـرسـراوێـک له‌ فه‌تح حسێن ئه‌لشێخ به‌ ڕادیۆی ئیسرائیلی گوت هه‌ڵـهاتووه‌کانی حه‌ماس مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ که‌ناری ڕۆژئاوا.

هه‌فته‌ی پـێشتر به‌ڕێز عه‌باس له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کان باراک ئۆباما له‌ کۆشـکی سـپی کۆبۆوه‌ و په‌یمانی دا سـنوورێـک دابنێت بۆ توندڕه‌وه‌کان، ئه‌وانه‌ی دژایه‌تی پـرۆسه‌ی ئاشتی ده‌که‌ن.

هه‌ڵـمه‌ته‌که‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی بوو له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ردوولا به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شـیان هه‌یه‌ له‌ ڕێـگه‌گرتن له‌ حه‌ماس له‌وه‌ی ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر که‌رتی ڕۆژئاوادا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG