Accessibility links

حکومه‌تی ئێران ئاگاهی ده‌داته‌ ئۆپـۆزیسـیۆنی ناو وڵاته‌که‌ی تا خۆپـیشـاندان به‌رده‌وام نه‌بێت


حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئاگاهیـیه‌کی توندی داوه‌ته‌ ئۆپـۆزیسـیۆنی وڵاته‌که‌ دژی هه‌ر خۆپـیشـاندانێـکی تر له‌سه‌ر هه‌ڵـبژاردنه‌ مشـتومڕ له‌سه‌ره‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی له‌ ئێراندا.

لایه‌نی ئۆپـۆزیسـیۆن داوای خۆپـیشـاندانی زیاتری کردووه‌ هه‌م له‌ ناو ئێراندا و هه‌میش له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌، ئه‌م داوایه‌ش ته‌نها یه‌ک ڕۆژ پاش ڕاگه‌یاندنه‌که‌ی ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئی ڕێبه‌ری باڵای ئێرانه‌ که‌ گوتی سه‌رله‌نوێ هه‌ڵـبژاردنه‌وه‌ی مه‌حمودی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد بۆ گه‌ڕێـکی تری پـۆسـتی سه‌رۆکایه‌تی ده‌بێت پـێی قایل بن.

که‌ناڵی CNN و ئاژانسی ده‌نگوباسی فه‌ره‌نسـاش له‌ زاری گه‌واهده‌رانه‌وه‌ ڕاپـۆرتیان داوه‌ هێزێـکی زۆری پـۆلیس له‌و شـوێنه‌دا دانراون که‌ به‌رنامه‌ وابوو خۆپـیشـاندانی تیادا بکرێت. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ئێرانی به‌ میر حسێن موسه‌وی کاندیدی شـکسـتخواردووی ئه‌و هه‌ڵـبژاردنانه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئێرانی گوتووه‌ به‌رپـرس ده‌بێت له‌ ئاکامه‌کانی هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌کی نایاسایی.

گه‌وره‌ سه‌رکرده‌یه‌کی هێزه‌کانی پـۆلیسیش ئه‌حمه‌د‌ ڕزا ڕادان گوتوویه‌ هه‌ر خۆپـیشـاندانێـک بکرێت به‌ توندی سه‌ودای له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.

ڕۆژی هه‌ینی ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئی داوای کۆتایی‌هێنانی کردووه‌ بۆ ئه‌و خۆپـیشـاندانانه‌ی نزیکه‌ی هه‌فته‌یه‌که‌ لایه‌نگرانی ئۆپـۆزیسـیۆن له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن که‌ ده‌ڵـێن فێـڵ و ته‌ڵه‌که‌ له‌ ده‌نگدانه‌که‌ی ڕۆژی 12 ی شه‌شدا کراوه‌.

ئه‌نجومه‌نی نیگه‌هبانی ئێرانی که‌ ئه‌نجومه‌نێـکی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ و سه‌رپه‌رشـتی هه‌ڵـبژاردنه‌کان ده‌کات ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ کۆبۆته‌وه‌ بۆ تاووتوێ و وتووێـژکردن له‌سه‌ر نیگه‌رانیـیه‌کان که‌ کاندیده‌ شـکستخواردووه‌کانی ئه‌و هه‌ڵـبژاردنانه‌ هه‌یانبوو. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ میر حسێن موسه‌وی، مه‌هدی که‌ڕووبی و موحسن ڕه‌زائی‌شی بانگێشت کردووه‌، به‌ڵام ته‌نها ڕه‌زائی ئاماده‌ بووه‌ وه‌ک له‌ میدیای ئێراندا ئاماژه‌ی پـێـکراوه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG