Accessibility links

میر حسێن موسه‌وی هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی وڵاته‌که‌ی به‌ نایاسایی ناوزه‌د ده‌کات


کاندیدی سه‌رنه‌که‌وتوی سه‌رۆکایه‌تی ئێران و ڕێبه‌ری ڕیفۆرمست میر حسێن موسه‌وی ده‌ڵێت دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد به‌ سه‌رۆکی وڵات کارێـکی نایاسایی‌یه‌ و داوای له‌ لایه‌نگرانی خۆی کرد له‌ تێـکۆشـانیان بۆ به‌ده‌سـتهێنانی مافه‌ ڕه‌واکانی میلـله‌ته‌که‌یاندا به‌رده‌وامبن.

له‌ ڕاگه‌یاندنێـکدا که‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ره‌که‌ی خۆی بڵاوی‌کرده‌وه‌، به‌ڕێز موسه‌وی داوای ئازادکردنی ئه‌و که‌سـانه‌ی کرد که‌ له‌ خۆپـیشـاندانه‌کانی پاش هه‌ڵـبژاردنه‌که‌دا ده‌سـتگیرکراون، هه‌روه‌ها داوای ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری و چاکسـازی له‌ یاساکانی هه‌ڵـبژاردندا کرد. به‌ڕێز موسه‌وی دووباره‌ی کرده‌وه‌ که‌وا له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ی 12 ی مانگی شه‌شدا ساخته‌کاری کراوه‌.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی نیگه‌هبان هۆشـداری به‌ ئۆپـۆزیسـیۆن دا که‌ چیتر ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ ده‌رنه‌بڕن پاش ئه‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ڵـبژاردنه‌وه‌ی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژادیان پـشـتڕاستکرده‌وه‌.

هه‌ر ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ئێران بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆژنامه‌یه‌کی ڕیفۆرمخوازه‌کانی ڕاگرتووه‌ که‌ سه‌ر به‌ کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی مه‌هدی که‌ڕووبیـیه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژادی به‌ ناقانونی ناوزه‌دکرد و به‌ڵێنی دابوو‌ له‌ خه‌باتی خۆی له‌ دژی ئه‌نجامی هه‌ڵـبژاردنه‌که‌ به‌رده‌وامبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG