Accessibility links

سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت ئه‌مریکا له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ڕاستی خۆیه‌تی له‌ مه‌سه‌له‌ی کشـانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌ عێراق


سه‌رۆک باراک ئۆباما ده‌ڵێت وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ڕاستی خۆیه‌تی له‌ مه‌سه‌له‌ی کشـانه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌کانی خۆی له‌ عێراقدا تا سـاڵی 2011 ، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتیشـدا هۆشـداری ده‌دات به‌وه‌ی "ڕۆژانی سه‌خت له‌ به‌رده‌م‌دایه‌."

پاش وتووێژکردن له‌گه‌ڵ نوری ئه‌لمالیکی سه‌رۆک وه‌زیری عێراق له‌ کۆشـکی سپـی، سه‌رۆک ئۆباما گوتی ئاستی توندوتیژیـیه‌کان له‌ عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ نزمبوونه‌وه‌. گوتیشی ئه‌و له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مالیکیدا وتووێژیان کردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ نه‌خشه‌ی حکومه‌تی به‌غدا بۆ دابه‌شـکردنی داهاته‌کانی نه‌وت به‌ یه‌کسـانی به‌سه‌ر پـێـکهاته‌ جیاجیاکانی عێراقدا، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که‌ عێراقیـیه‌کان بۆ یه‌کێتی نیشـتیمانی ده‌یده‌ن.

جێی ئاماژه‌ پـێکردنه‌ ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی نێوان سه‌رۆک ئۆباما و نوری ئه‌لمالیکی دوابه‌دوای ئه‌وه‌ دێت که‌ هێزه‌ شه‌ڕکه‌ره‌کانی ئه‌مریکا له‌ 30 ی مانگی شه‌شه‌دا له‌ شـاره‌کانی عێراقدا کشـانه‌وه‌ و به‌رپـرسـیارێتی ئاسایشیـیان دایه‌وه‌‌ ده‌ست هێزه‌ عێراقیـیه‌کان.

سه‌رۆک ئۆباما گوتیشی ئه‌م ده‌وروته‌سلیمه‌ی هێزانه‌ ئاماژه‌یه‌کی ڕوون و ئاشـکرایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌سه‌ر به‌ڵێنه‌کانی خۆیه‌تی بۆ عێراقێـکی سه‌روه‌ر، له‌وانه‌ کشـانه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌کانی ئه‌مریکا تا کۆتایی سـاڵی 2011.

هاوکارمان شـایان پاشـا له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیـیه‌که‌دا ئاماده‌بووبوو و ڕاپـۆرتێـکی له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاماده‌کردووه‌، ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 5 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG