Accessibility links

دوو خۆکوژ له‌ ناو زانکۆیه‌کی پاکسـتاندا خۆیان ده‌ته‌قێنـنه‌وه‌


ڕۆژی سێشه‌ممه‌ دوو خۆکوژ له‌ ناو زانکۆیه‌کی پایته‌ختی پاکسـتاندا خۆیان ته‌قانده‌وه‌، به‌ لایه‌نی که‌م 6 که‌س کوژران و 20 که‌سی دیکه‌ش برینداربوون.

کاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن ته‌قینه‌وه‌که‌ له‌ ناو زانکۆی ئیسلامی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ ئیسلام ئاباد ڕوویدا. یه‌کێـکیان له‌ ناو به‌شـێـکی زانکۆکه‌دا خۆی ته‌قاندۆته‌وه‌ و ئه‌وی دیکه‌یان له‌ کافتیریای کچاندا.

کچان نزیکه‌ی نێوه‌ی ئه‌و زیاتر له‌ 12 هه‌زار خوێندکاری زانکۆیه‌ پـێـکده‌هێنن.

تا ئاماده‌کردنی ئه‌م هه‌واڵه‌ که‌س به‌رپـرسیارێتی خۆی له‌و هێرشه‌ ڕانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام وه‌زیری ناوخۆی پاکسـتان ڕه‌حمان مه‌لیک گوتی هه‌موو هێرشه‌ تێرۆریسـتیـیه‌کان سه‌رچاوه‌که‌ی باشوری وه‌زیرسـتانه‌.

ئه‌و شه‌پـۆلی هێرشه‌ کوشـندانه‌ی پاکسـتانی گرتۆته‌وه‌ پـێده‌چێت له‌ تۆڵه‌ی ئه‌و هه‌ڵـمه‌ته‌ی له‌شـکر ‌بێت که‌ له‌ دژی چه‌کداره‌کانی تاڵیبان له‌ باشوری وه‌زیرسـتان ده‌کرێت.

ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ قوتابخانه‌کانی پاکسـتان ئه‌م هه‌فته‌یه‌ داخران له‌ ترسی ڕوودانی توندوتیژی له‌ تۆڵه‌ی ئه‌و هه‌ڵـمه‌ته‌.

له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌فسه‌رێـک گوتی له‌ میانه‌ی شه‌ڕی شه‌وی ڕابردوودا نزیکه‌ی 20 چه‌کدار کوژراون. به‌وه‌ش کۆی ئه‌و چه‌کداره‌ گومانبارانه‌ی له‌وه‌ته‌ی کرده‌وه‌ له‌شـکریـیه‌که‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌وه‌ ده‌سـتیپـێـکرد گه‌یشـتۆته‌ نزیکه‌ی 100 که‌س.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG