Accessibility links

ئاژانسی وزه‌ی ناوه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی سه‌رزه‌نشتی ئێران ده‌کات


ئه‌مڕۆ هه‌ینی چه‌ندین ئه‌ندامی ئاژانسی وزه‌ی ناوه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌نگیان له‌سه‌ر بڕیارێـک دا بۆ سه‌رزه‌نشـتکردنی به‌رنامه‌ی ناوه‌کی ئێران له‌ ده‌مێـکدا وڵاتانی ڕۆژئاوا ئێران تۆمه‌تبار ده‌که‌ن به‌ هه‌وڵی به‌ده‌سـتهێنانی چه‌کی ناوه‌کی.

ئێران ده‌ڵێت بڕیاره‌که‌ که‌ش‌وهه‌وای دانوسـتاندنه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌کانی پـێویست سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی ناوه‌کی ده‌خاته‌ مه‌ترسـیـیه‌وه‌.

بڕیاره‌که‌ له‌ لایه‌ن دیپـلۆماتانی ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسـا و ئه‌ڵمانیا و ڕووسیا و چینه‌وه‌ ده‌رکرا و داوا له‌ ئێران ده‌کات که‌ کاری بیناسـازی له‌ ده‌زگایه‌کی پـیتاندنی یۆرانیۆمدا ڕاگرێت که‌ پـێشـووتر نهێنی بوو و هه‌روه‌ها جیهان دڵنیا بکه‌نه‌وه‌ که‌ هیچ چالاکیـیه‌کی شـاردراوه‌ی تریان نیـیه‌.

ئه‌مڕۆ 25 ئه‌ندام له‌ کۆی 35 ئه‌ندامی کارگێڕانی ئاژانسی وزه‌ی ناوه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌و بڕیاره‌یان په‌سه‌ندکرد. هاوکات 3 وڵات ده‌نگیان له‌ دژی دا و 6 وڵاتیش ئاماده‌ی پـرۆسه‌ی ده‌نگدانه‌که‌ نه‌بوون.

شـایانی باسه‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌م بڕیاری ئاژانسی ناوبراوه‌ له‌ دژی ئێران له‌وه‌ته‌ی سـاڵی 2006 وه‌. پـێشـووتر نوێنه‌ری ئێران بۆ ئاژانسی وزه‌ی ناوه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی عه‌لی ئه‌زغه‌ر سـوڵتانی هه‌ڕه‌شه‌ی کردبوو که‌ ئێران هاوکاریـیه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاژانسه‌دا که‌م‌ده‌کاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ په‌سه‌ند بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG