Accessibility links

له‌ ئاکامی سێ ته‌قینه‌وه‌ له‌ به‌غدا 4 که‌س ده‌کوژرێن


پـۆلیسی عێراقی ده‌ڵێت له‌ ئاکامی سێ ته‌قینه‌وه‌ له‌ به‌غدای پایته‌خت 4 که‌س کوژراون و به‌ لایه‌نی که‌میشه‌وه‌ 14 که‌س بریندارن.

پـۆلیس ده‌ڵێت ئه‌و 3 ماشێن ته‌قاندنه‌وه‌یه‌ یه‌ک به‌ دوای یه‌کدا بوون و هه‌ر یه‌که‌یان چه‌ند خوله‌کێـک نێوانیان بووه‌ و له‌ ناو جه‌رگه‌ی به‌غدادا ڕوویان داوه‌.

ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ی به‌غدا یه‌ک هه‌فته‌ پاش ئه‌و زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ بوون که‌ له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوودا بوونه‌ مایه‌ی کوژرانی 127 که‌س و برینداربوونی 400 که‌سی تر.

ڕێـکخراوێـکی سه‌ر به‌ تۆڕه‌ تێرۆرکاریـیه‌که‌ی ئه‌لقاعیده‌ که‌ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق ناسـراوه‌ به‌رپـرسێتی خۆی له‌ ته‌قینه‌وه‌کانی هه‌فته‌ی ڕابردوو ڕاگه‌یاند و ئاگاهی هێرش و په‌لاماری زیاتریشی داوه‌.

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ش کاربه‌ده‌سـتێـکی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق گوتوویه‌تی 13 که‌س ده‌سـتگیرکراون له‌ په‌یوه‌ندی به‌ ته‌قینه‌وه‌کانی هه‌فته‌ی ڕابردووه‌وه‌.

یاسادانه‌رانی عێراقی لێـپـێچینه‌وه‌یان سه‌باره‌ت به‌ دابه‌زینی ئاسـتی پاراسـتنی ئاسایشی له‌ به‌غدا کردووه‌ که‌ له‌وه‌تای سه‌ره‌تای مانگی هه‌شتی ڕابردووه‌وه‌ سێ هێرشی گه‌وره‌ ڕوویان‌داوه‌.

سه‌باره‌ت به‌و ته‌قینه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ی به‌غدا گۆران تۆفیق په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا له‌و شـاره‌ ڕاپـۆرتی ناردووه‌، ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ.

XS
SM
MD
LG