Accessibility links

سه‌رۆک ئۆباما یه‌که‌م وتاری سـاڵانه‌ی خۆی به‌ باری ئابوری ئه‌مه‌ریکا ده‌سـتپـێکرد


سه‌ره‌تا سه‌رۆکی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا پـێشـوازی له‌ ئاماده‌بووان کرد و پاشـان گوتی له‌ ده‌سـتوری وڵاته‌که‌ماندا هاتووه‌ که‌ ده‌بێت سه‌رۆک ماوه‌ ماوه‌ زانیاری به‌ کۆنگرس بدات له‌سه‌ر ڕه‌وشی وڵاته‌که‌ و ئێسـتا وا بۆ 220 سـاڵه‌ ڕێبه‌ره‌کانمان به‌م کاره‌ هه‌سـتاون.

پاشـان چه‌ند ساتێـکی خۆش و ناخۆشی وڵاته‌که‌ی باس کرد که‌ چۆن گه‌لی ئه‌مه‌ریکا به‌ یه‌کگرتوویی خۆی تیایاندا توانیویه‌تی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت. گوتیشی ئێسـتا وا بۆ جارێـکی دیکه‌ به‌ ئه‌زموونێـکی دیکه‌دا تێده‌په‌ڕین و بۆیه‌ له‌سه‌رمانه‌ جارێـکی دیکه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ کاردانه‌وه‌مان هه‌بێت.

سه‌رۆک ئۆباما گوتی سـاڵێـک له‌مه‌وبه‌ر پـۆسـتی سه‌رۆکایه‌تیم گرته‌ده‌ست له‌و ده‌مه‌ی وڵاته‌که‌ له‌ نێو دوو جه‌نگدایه‌ و ئابوری له‌ بارێـکی زۆر خراپدایه‌ و سیستمی دارایی له‌سه‌ر لێواری هه‌ره‌سـهێنان بوو و حکومه‌ت قه‌رزار بوو. گوتیشی شـاره‌زایان گوتیان ئه‌گه‌ر کارێـک نه‌که‌ین ئه‌وا ڕه‌نگه‌ ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێـکی گه‌وره‌ی دیکه‌ی ئابوری ببینه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌سـتبه‌جێ و چالاکانه‌ ڕێوشـوێنی پـێویسـتمان گرته‌به‌ر و ئێسـتا پاش سـاڵێـک خراپـترین قۆناغی ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوریه‌مان تێپه‌ڕاند، به‌ڵام هێشـتا ئاسه‌واری هه‌ر ماوه‌ و 10% ئه‌مه‌ریکایی‌یه‌کان بێ‌کارن و زۆر کاریش له‌ناوچوون و به‌های خانووبه‌ره‌ هاتۆته‌ خواێ.

پاشـان سه‌رۆک ئۆباما باسی له‌ ئاسه‌واری ئه‌و ڕه‌وشه‌‌ خراپه‌ی ئابوری کرد بۆ سه‌ر بار و گوزه‌رانی خه‌ڵـکی ئه‌مه‌ریکا و داوای له‌ هه‌ردوو پارتی دیموکراتی و کۆماری کرد ناکۆکیـیه‌ سیاسیـیه‌کانیان وه‌لا بنین و کار له‌ پـێناو باشـکردنی باری ژیانی خه‌ڵـکی بکه‌ن.

پاشـان سه‌رۆک ئۆباما ڕه‌خنه‌ی له‌ بانکه‌کان گرت به‌وه‌ی نه‌یانتوانیوه‌ به‌ شـێوه‌یه‌کی ژیرانه‌ سـوود له‌و کۆمه‌ک و یارمه‌تیانه‌ی حکومه‌ت وه‌ربگرن، به‌ڵام گوتی له‌ دوایدا توانیمان زۆربه‌ی ئه‌و پاره‌ و پـولانه‌ بگێڕینه‌وه‌ که‌ بۆ ئه‌و بانکانه‌ خه‌رجکران، وه‌ پـێشـنیاری کردووه‌ باجی زیاتر بخرێته‌ سه‌ر ئه‌و بانکانه‌ تا ئه‌وه‌ پاره‌یه‌ی ماویشه‌ته‌وه‌ بگێڕنه‌وه‌.

پاشـان سه‌رۆک ئۆباما گوتی هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کار بۆ سه‌قامگیرکردنی سیسـتمی دارایی کراوه‌ هه‌روه‌ها هه‌نگاویش نراوه‌ بۆ گه‌شه‌کردنی ئابوری و ڕزگارکردنی زۆرترین کار و کاسپی له‌ نه‌مان و یارمه‌تیدانی خه‌ڵـکی بێ‌کار. گوتیشی بۆیه‌ یارمه‌تیمان بۆ 18 ملیۆن که‌سی بێ‌کار زیادکرد‌ و خزمه‌تگوزاری ته‌ندروسـتیمان بۆ 65% یان به‌ نرخێـکی که‌متر بۆ دابین‌کردن‌، هه‌روه‌ها باجمان له‌سه‌ر 95% خێزانه‌ کارکه‌ره‌کان و کۆمپانیا بچوکه‌کان که‌م‌کرده‌وه‌‌ و بۆ یه‌که‌م جار باجیشمان له‌سه‌ر کڕیارانی خانووبه‌ر که‌مکردۆته‌وه‌ و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئه‌و دایک و باوکانه‌ی که‌ منداڵیان هه‌یه‌. هه‌روه‌ها باجمان له‌سه‌ر 8 ملیۆن ئه‌مه‌ریکایی که‌مکردۆته‌وه‌ که‌ پاره‌ی خوێندنی کۆلێژ و زانکۆیان دێته‌سه‌ر.

سه‌رۆک ئۆباما ده‌ڵێت ئه‌م هه‌نگاوانه‌ وایکردووه‌ به‌ ملیۆنه‌ها ئه‌مه‌ریکایی پاره‌ و پـولی زیاتریان پـێبێت بۆ گڕینی پـێداویسـتیـیه‌کانیان که‌ ئه‌وه‌ش بۆخۆی وا ده‌کات کارگه‌ و کۆمپانیاکان له‌ کاره‌کانیان به‌رده‌وام‌بن. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شـدا تاکه‌ ده‌ سه‌نتیـیه‌ک‌ باجمان به‌سه‌ر که‌سدا زیاد نه‌کردووه‌. ده‌ڵێت له‌ ئاکامی ئه‌م کارانه‌ توانرا کاری 2 ملیۆن که‌س له‌ نه‌مان ڕزگاربکرێن.

سه‌رۆک ئۆباما گوتیشی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا هێشتا خه‌ڵـکانێـک هه‌ن بێ‌کارن و له‌م هه‌فته‌ بۆ ئه‌و هه‌فته‌ له‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌دان کاریان ده‌سـتبکه‌وێت، بۆیه‌ ده‌بێت دابینکردنی کار بۆ ئه‌و خه‌ڵـکه‌ له‌ سه‌رو کارنامه‌ی سـاڵی 2010 ماندا بێت و هه‌ر بۆیه‌ له‌ ئه‌مشه‌وه‌وه‌ داوا ده‌که‌م یاسایه‌کی نوێی کار دابنرێت.

سه‌رۆک ئۆباما پـێشـنیاریشی کرد 30 ملیار دۆلار له‌و پارانه‌ی بانکه‌کان ده‌یده‌نه‌وه‌ به‌ حکومه‌ت بۆ یارمه‌تیدانی کار و کاسپـیه‌ بچوکه‌کان ته‌رخان بکرێن. هه‌روه‌ها پـێشنیاریشی کرد له‌ باجی ئه‌و کۆمپانیا بچوکانه‌ خۆشبن که‌ کرێکاری نوێ داده‌مه‌زرێنن و موچه‌ زیاد ده‌که‌ن.

پاشـان سه‌رۆک ئۆباما به‌راوردێـکی کرد له‌ نێوان ئه‌مه‌ریکا و چه‌ند وڵاتێـک که‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند سـاڵی ڕابردوودا ئابوریـیان گه‌شه‌ی کردووه‌ و گوتی قبوڵ ناکه‌م وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ پله‌ دوو بێته‌ خوارێ.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG