Accessibility links

هێله‌ری کلنتن ده‌ڵێت ڕه‌نگه‌ ئێران بـبێته‌ مایه‌ی پـێشـبڕکێی چه‌کی ناوه‌کی


هێله‌ری کلنتن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ئاگاهی داوه‌ ده‌شێت ئێران بـبێته‌ مایه‌ی پـێشـبڕکێی چه‌کی ناوه‌کی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسـتدا ئه‌گه‌ربێت بـبێته‌ خاوه‌نی چه‌کی ناوه‌کی.

هێله‌ری کلنتن له‌ شـاری جه‌ده‌ی عه‌ره‌بسـتانی سـعودیه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشـتیدا گوتوویه‌تی به‌ڵـگه‌کان ڕاگه‌یاندنه‌کانی ئێران پـشـتڕاست ناکه‌نه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێت به‌رنامه‌ ناوه‌کیـیه‌که‌ی تاران ته‌نها بۆ مه‌به‌سـتی ئاشـتیـیانه‌یه‌.

ئه‌م ڕاگه‌یاندنانه‌ی ئه‌مڕۆی خانم کلنتن له‌ به‌رده‌م به‌شـداربووانی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا بوو له‌ کۆلێژێـک به‌ ناوی دار ئه‌لحیکمه‌وه‌ له‌ جه‌ده‌ که‌ هه‌موویان ژنان و کچانن.

له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕاگه‌یاندنه‌کانی ئه‌م دوایـیه‌ی هێله‌ری کلنتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکای ڕه‌ت‌کردۆته‌وه که‌ گوتبوی ئێران وا ده‌بێته‌ دیکتاتۆریـیه‌تێکی له‌شکری.

میدیای ئێرانی له‌ زاری مه‌نوچه‌هر موتـته‌کی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانه‌وه‌ ده‌ڵێت خانم کلنتن ده‌یه‌وێت ڕای گشتی ئێران سه‌رقاڵ بکات وه‌ک ده‌ڵێت به‌ مه‌سه‌له‌ی بێ بنچینه‌ و نادروسته‌وه.

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ خوێندکاراندا له‌ قه‌ته‌ر گوتبوی وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا له‌و بڕوایه‌دایه‌ هێزی له‌شکری پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی کۆنترۆڵی حکومه‌تی ئێرانی کردووه‌.

هه‌ر ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ش مه‌نوچه‌هر موتـته‌کی ئه‌مریکای گوناهبار کردووه‌ به‌وه‌ی وه‌ک دیکتاتۆریـیه‌تی له‌شکریی له‌ عێراق و له‌ ئه‌فغانستان ڕه‌فتاری کردووه‌.

وڵاته‌ یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکا له‌و بڕوایه‌دایه‌ به‌رنامه‌ ناوه‌کیـیه‌که‌ی ئێران مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی ئاسایشیـیه‌ و واشنتنیش ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌کات له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کاندا که‌ بۆ سه‌پاندنی سزای زیاتر ده‌درێن به‌سه‌ر ئێراندا.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاش گوتویه‌تی پـێویسته‌ ئه‌و سزایانه‌ پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بکاته‌ ئامانج.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG