Accessibility links

ئەمەریکا لە ڕۆژی پێنجشەممە 3 هەزار کەسی لە کابوڵەوە گواستووەتەوە


ئەم وێنەیە لەلایەن هێزی مارینزی ئەمەریکاوە بڵاوکراوەتەوە، کورێک لە میانەی پرۆسەی خاڵی پشکنینی گواستنەوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، چوارشەممە 18 ی مانگی هەشتی 2021
ئەم وێنەیە لەلایەن هێزی مارینزی ئەمەریکاوە بڵاوکراوەتەوە، کورێک لە میانەی پرۆسەی خاڵی پشکنینی گواستنەوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، چوارشەممە 18 ی مانگی هەشتی 2021

بەگوێرەی کۆشکی سپی، هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان ڕۆژی پێنجشەممەنزیکەی 3 هەزار کەسیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامد کارزای لە کابوڵ گواستووەتەوە.

ئەو گواستنەوەیە بە 16 گەشتی فڕۆکەی جۆری C-17ئەنجام دراوە. کۆشکی سپی دەڵێت ئەو کەسانەی گوازرانەتەوە بریتین لە 350 هاووڵاتی ئەمەریکایی، ئەندامانی خێزانەکانیان، ئەو ئەفغانیانەی لە مەترسیدان و ئەوانەی کە ڤیزای تایبەتی پەنابەرێتییان وەرگرتووە لەگەڵ خێزانەکانیان.

ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاندرا کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، سوپای ئەمەریکا ئاسانکاریی کرد بۆ دەرچوونی 11 گەشتی ئاسمانی. ژمارەی ئەو کەسانەی لەو گەشتانەدا بوون هێشتا ڕانەگەیەندراوە.

کۆشکی سپی دەڵێت هێزەکانی ئەمەریکا لە 14 ی مانگی هەشتەوە نزیکەی 9 هەزار کەسیان گوازتووەتەوە، لە ڕۆژێک پێش ئەوەی تاڵیبان بچێتە کابولەوە.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی داوە لە ئەفغانستان بمێنێتەوە تا ئەو کاتەی هەموو ئەو هاوڵاتییانەی کە دەیانەوێت بڕۆن دەربچن، لە کاتێکدا بە توندی بە بەرگری لە بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا دەکات، سەرەڕای ئەو ئاژاوەیەی کە سەریهەڵداوە.

بڕیارە بایدن ئەمڕۆ لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕەوشی ئەفغانستان بەر لەوەی لە کۆتایی ڕۆژەکەدا وتارێک لەسەر ئەفغانستان پێشکەش بکات.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ جۆرج ستێفنئاپڵس لە کەناڵی ABC News گوتی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەمێننەوە هەتا ئەو کاتەی هەموو ئەمەریکاییەکان لە ئەفغانستان دەگوازرێنەوە تەنانەت ئەگەر لە دوا وادەی 31ی هەشتیش تێپەڕ بێت.

بایدن گوتیشی " ئێمە لەوێ دەمێنینەوە هەتا هەمویان لەوێ دەردەکەین."

سەرۆک بایدن جەختی لەوەش کردەوە کە سوپای ئەمەریکا لە ئێستادا کۆنترۆڵی فڕۆکەخانەی لەدەستدایە و هەزاران کەسی دەرباز کردووە بەو ئامانجەی بتوانێت هەمو ئەوانەی پێویستیانە لە ئەفغانستان دەربچن هەتا 31 ی هەشت بگوازێتەوە.

نیگەرانیەکان زۆربوون لەسەر ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە ئەفغانییەکان و هاووڵاتیانی ئەمەریکا بەهۆی بازگەکانی تاڵیبانەوە کێشەیان هەیە بۆ گەشتن بە فڕۆکەخانەکە. ئەمەریکا بەردەوامە لە پەیوەندی کردن لەگەڵ فەرماندە خۆجێییەکانی تاڵیبان لەوێ بۆ دەربازکردنی خەڵک لەبازگەکاندا.

ڕۆژی پێنجشەممە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری جۆن کیربی بە پەیامنێرانی گوت " ئەمە زیاتر دەکەوێتە سەر بڕوابوون و دڵنیابوون لەوەی بتوانن بیسەلمێنن، ئێمەش دەیسەلمێنین، کە ئەم کەسانە کەسانێکی گونجاون ڕێگەی ڕۆشتنیان پێبدرێت. ئەم بەیانییە ئەو ئاماژەیەمان بەدی کردووە کە پرۆسەکە کار دەکات."

ئەو گوتیشی " لە نیوەشەودا، بە شێوەیەکی بەرچاوئەو ژمارەیەمان فراوانکرد کە چەند هاووڵاتی ئەمەریکایی، ستافە خۆجێهییەکان، ئەوانەی ڤیزای تایبەتیان هەیە لەگەڵ ئەفغانییەکانی کە ژیانیان لەمەترسیدایە دەربچن."

لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ABCکە سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە پەخشکرا بایدن بەرگریشی لە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتییەکەی کرد کە لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەی کە لە ئەفغانستانەوە دەهاتن درابوو، و گووتی بە پێی زانیارییەکانیان ئەگەری کۆنگرۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن تاڵیبانەوە " زیاتر لە کۆتایی ئەمساڵ بوو" و ڕووخانی حکومەت وا بە زووی شتێک بوو کە پێشبینی نەکرابوو.

لێدوانەکانی هاوشێوەی ئەوی ژەنەڕاڵ مارک میلی، سەرۆکی ستونە لەشکرییەکانی ئەمەریکابوو کە ڕۆژی چوارشەممە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند مەزەندە کردنی کاتی ڕووخانی حکومەت "بە شێوەیەکی فراوان پێشبینی کرابوو کە لە چەند هەفتەیەک تەنانەت بۆ چەند ساڵێک پاش دەرچوونی ئێمەی پێبچێت."

ئەو گوتیشی " هیچ شتێک نەبوو کە من یان هەر کەسێکی تر بینیبێتی و ئاماژەی بەوە کردبێت لەشکر و حکومەتەکەش لە ماوەی 11 ڕۆژدا بڕوخێن."

هەرچەندە کاربەدەستێکی باڵای زانیاری ئەمەریکا بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کۆمەڵگەی ئەمەریکا "بەردەوام مەترسی ڕووخانی خێرای حکومەتی ئەفغانستانی دەستنیشان کردووە."

ئەو کاربەدەستە گوتیشی بەم دواییانە " ئێمە زیاتر ڕەشبین بووین بەرامبەر ڕزگاربوونی حکومەتی ئەفغانستان لە کاتێکدا شەڕەکە تەشەنەی سەند، و حکومەتی ئەفغانستان زیاتر لەوەی کە چاوەڕوانمان دەکرد شکستی دەخوارد."

ئەم ڕاپۆرتە بە هاوکاری کارلا باب، جێف سێلدن و ستیڤ هێرمن نوسراوە.

XS
SM
MD
LG