Accessibility links

هەوڵەکان بۆ دەرهێنانەوەی ئەو خێزانانەی کە دوای بومەلەرزەکەی ئەفغانستان هێشتا گیرییان خواردووە


تیمەکانی فریاگوزاری ڕۆژی دووشەممە بەردەوام بوون لە گەڕانەکانییان بە دوای ئەو خێزانانەدا کە هێشتا لە داروپەردبووی خانووە ڕووخاوەکاندا گیرییان خواردووە، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی چەند بومەلەرزەیەک ڕۆژئاوای ئەفغانستانییان هەژاند و بەهۆیەوە زیاتر لە 2000 کەس گیانییان لە دەستداوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەڕێوەبردنی کارەساتە سروشتییەکان مەلا جەنان سایەق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابوڵ وتی " خەڵکەکە هەوڵ دەدەن خێزانەکان لە ژێر پاشماوەکاندا دەربهێننەوە و ڕزگارییان بکەن." وتیشی دۆخەکە " زۆر خراپە."

خۆبەخشان بە خۆراک و خێمە و بەتانییەوە گەیشتنە ئەو ناوچە دوورەدەستانەی کە دەکەونە 30 کم لە باکووری ڕۆژئاوای شاری هیراتەوە، پایتەختی ئەو هەرێمەی کە ڕۆژی شەممە بومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 لێیدا و هەشت بومەلەرزەی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەروەها شۆفڵییان هێنابوو بۆ یارمەتیدان لە هەڵکەندن بە ناو پاشماوەی خانووەکانی گوندە خاپوور بووەکاندا، بە هیوای ئەوەی هێشتا کەسێک لە ژیاندا مابێت.

خالیدی تەمەن 32 ساڵ لە کاشکاکی ناوچەی زیندا جان، وتی " زۆرێک لە خەڵکەکە لە ناوچە دوورەکانەوە هاتوون تاوەکو خەڵکەکە لە ژێر پاشماوەکاندا دەربکەن."

وتی " هەمووان سەرقاڵی گەڕانن بە دوای لاشەکاندا، لە هەموو شوێنێک. نازانین ئایا کەسی دیکە ماوە لە ژێر پاشماوەکاندا یاخود نا."

بەرپرسانی ناوخۆ ژمارەی جیاوازییان داوە لەسەر حاڵەتەکانی گیان لە دەستدان بەهۆی بومەلەرزەکانەوە، بەڵام وەزارەتی کارەساتەکان ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند 2,053 کەس گیانییان لە دەستداوە.

سایەق وتی " ناتوانین ژمارەی دیاریکراوی مردوو و بریندارەکان بدەین چونکە جێگیر نین و بەرز دەبنەوە."

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی بومەلەرزەکە کاری کردووەتە سەر زیاتر لە 11,000 کەس لە 1,655 خێزاندا، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لە سەدا سەدی خانووەکانی 11 گوند بە تەواوەتی ڕووخاون و لە ناوچوون.

لە کاتێکدا کە وەرزی زستان نزیک دەبێتەوە، دابینکردنی پەناگە بۆ دانیشتوان ئاستەنگیەکی گەورە دەبێت بۆ حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، کە لە ساڵی 2021 دا دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە مرۆییەکاندا خراپە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG