Accessibility links

ژنانی فەرمانبەری ئەفغانی نیگەرانن لەوەی کارەکانیان لەدەستبدەن


ژنانی فەرمانبەری ئەفغانی نیگەرانن لەوەی تاڵیبان ڕێگەیان پـێنەدات بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و چیتر نەتوانن بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان پەیدا بکەن لەم کاتەی وڵاتەکەیان لە دۆخێکی سەختی ئابوریدایە.

حەمد الله نعمانی ئەندامی تاڵیبان و سەرۆکی نوێی شارەوانی کابولی پایتەخت، فەرمانی کردووە فەرمانبەرانی ژن لە شارەوانی کابول نەچنەوە سەر کارەکانیان، بەڵام دەڵێت ئەگەر ئەو فەرمانبەرە ژنە پـیاوێک نەبوو شوێنی بگرێتەوە دەتوانێت لە کارەکەی بەردەوامبێت. بە گوتەی ئەم کاربەدەستەی تاڵیبان بڕیارەکە بۆ ماوەیەکی کاتیـیە و کەی کارەکانیان بۆ جیاکردنەوەی ژنان و پـیاوان لە دەزگاکان تەواوکرد ژنان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان.

ژمارەیەک لە ژنان ئەمڕۆ دووشەممە نیگەرانی خۆیان دەربڕی و بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسیان گوت، کاتی خۆی لە ساڵانی نەوەدەکانیش کە تاڵیبان هاتە دەسەڵات هەمان کاریان کرد، بەڵام هەتا لەسەر دەسەڵات مابوونەوە ڕێگەیان نەدا جارێکی دیکە ژنان بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

ژنێک کە لە پـلەیەکی بەرزبوو لە وەزارەتی دەرەوە، بێزاری خۆی دەربڕیوە، گوتویەتی" بە تەواوی بەرپـرسی بەشێک بووم لە وەزارەتەکە و ژمارەیەکی زۆری ژن کاریان لەگەڵدا دەکردم، بەڵام هەموومان کارەکانمان لەدەست دا، بۆیە ئێستا وەک ئەوە وایە مردبێتم."

تاڵیبان ڕۆژی هەینی تابلۆی ئۆفیسی وەزارەتی کاروباری ژنانی لابرد و لەسەری تابلۆی وەزارەتی "الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر"ی داناوە.

ژنان دەڵێن ئەم وەزارەتەی تاڵیبان ئەو ڕۆژانەیان دەهێنێتەوە یاد کە چۆن لە ساڵانی نەوەدەکاندا کارمەندانی ئەم وەزارەتە ئەو ژنانەیان دەستگیردەکرد و جەلد دەکرد کە بەبێ پیاوێکی گەورەی خێزانەکەیان لە ماڵ بهاتنایە دەرێ.

ژنێکیش کە پارێزەرە لە دادگای باڵای ئەفغانستان بە فڕانس پـرێسی گوتووە هەرچەندە "تاڵیبان پێی وتووین نەچینەوە بۆ سەر کار و چاوەڕێ بکەین هەتا پـێمان دەڵێن بگەڕێنەوە، بەڵام لەوە ناچێت بیانەوێت جارێکی دیکە بچینەوە سەر کارەکانمان."

ئەوەشی گوتووە تاڵیبان وەک جاران نین کە ڕێگەیان نەدەدا ژن بەبێ مەحرەم بچێتە دەرەوە، بەڵام ئێستا دەتوانین بە تەنیا بێنە دەرێ، ئیتر نازانین ئەمە هەروا بەردەوام دەبێت یان نا."

تاڵیبان بەڵێنی داوە سیاسەتێکی جیاواز لە جاران بگرێتەبەر، بەڵام ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن پـێویستە تاڵیبان بە کردەوە بەڵێنەکانی بباتەسەر.

XS
SM
MD
LG