دوابەدوای زەمینلەرزەکەی کە هەرێمی کوردستان و کرماشان و سەرپیڵی زەهاو زۆرێک لەشار و شارۆچکەو گوندەکانی نێوان هەرێمە کوردییەکانی نێوان ئێران و عێراقی گرتەوە، هێشتا قەواری ئەو کارەساتە کاریگەری لەسەر خەڵک و ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە بە سەختی جێهێشتووەو بەهەموو نەهامەتییەکانیانەوە تیادا دەژین. دەنگی ئەمریکا لە بەرنامەیەکی تایبەتدا تیشکی خستە سەر قەوارەی کارەساتی زەمینلەرزەکە لەسەر خەڵکی دەربەندیخان و بارودۆخی ژیانیان، بۆئەو مەبەستە ئاسۆ جەبار لەدەنگی ئەمریکاوە وتووێژێکی لەگەڵ چالاکوان و ئەندامی دەستەی کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک بۆ لێقەوماوانی خەڵکی دەربەندیخان بەرێز حەکیم عەبدولکەریم سازکردووە..
حەکیم عەبدولکەریم دەڵێت "کارەساتی بومەلەرزەکەی دەربەندیخان و دەوروبەری زۆر لەوە گەورەترە کە میدیای کوردی کاری لەسەر کردووە."
دەشڵێت "حکومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێکی کرداریان بۆ قەرەبوکردنەوەی هاوڵاتیان نەداوە."
هاوکات باس لەقەوارەی کارەساتەکە دەکات و دەڵێت "1400 بۆ 1500 خانوو زیانی بەرکەوتووە، بەڵام 325 بەرەوژوور خانوو بە بڕیاری لیژنەی پسپۆری ئەندازیاری نابێت ئینسانی تیادا بژی."
دەشڵێت "هەندێک هاوڵاتی داوا لەحکومەت دەکەن تەنها بێن خانوەکانیان بڕوخێنن بۆئەوەی مەترسی بۆ خەڵک دروست نەکەن."
سەبارەت بە کۆمەکەکانیش حەکیم عەبدولکەریم دەڵێت "لەشاری سلێمانییەوە خۆشبەختانە کۆمەکیان ناردووە، لەناوەو دەرەوەی وڵات بە تایبەتی گەنجانی دەربەندیخان بە گوێرەی توانا پارەو کۆمەکی ماددیان کۆکردۆتەوەو ناردویانە بۆ ئێمە."