ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و ڕوون و ئاشکرا بکەن سەبارەت بە ڕفاندنی عەلی ئەلمگدام ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ. دەڵێت دەبێت تاوانباران ڕاپـێچی بەردەم دادگا بکرێن و سزای خۆیان وەربگرن.
کۆمیتەکە ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی بەپـێی ڕاپـۆرتە هەواڵیـیەکان عەلی ئەلمگدامی ڕۆژنامەوان و چالاکوانی سەربەخۆ پاش نیوەڕۆی هەینی 9 ی مانگی حەوت ڕفێندرا پاش ئەوەی دەعوەتکرابوو بۆ کافتریایەک لە گەڕەکی کەڕڕادەی بەغدا.
عەلی بۆ شەوی دواتر لە ناوچەی دۆرەی باشوری بەغدا دۆزرایەوە و شوێنی لێدان بە جەستەیەوە بوو و دەمی برینداربوو. پـۆلیس بۆ نەخۆشخانەی یەرموکیان برد و لەوێ چارەسەری بۆ کرا.
عەلی لە وتووێژێکی لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز عەرەبیـیە دەڵێت بووراوەتەوە و نازانێت ئەوانەی ڕفاندویانە کێ بوون، بەڵام پێی وایە لەسەر ئەو وتارە ڕفاندبوویان کە لەم دوایـیانە بڵاویکردووەتەوە و تیایدا باس لە ڕۆڵی ئێران دەکات لە کوشتنی چالاکوانانی عێراقی. عەلی دەڵێت ڕەفێندەرانی لە بارەی ئەو وتارەوە پـرسیاریان لێکردووە و ئەشکەنجەیان داوە.
ئیگناسیۆ میگێل دیلگادۆ، نوێنەری CPJ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا دەڵێت ڕفاندنی ڕۆژنامەوانی عێراقی عەلی ئەلمگدام و دەستدرێژیکردنە سەری، ئەو مەترسیـیانە نیشان دەدات کە هێشتا ڕۆژنامەوانان ڕووبەڕووی دەبنەوە کاتێک بوێری دەنوێنن لە نووسینی ڕاپـۆرتێکی سەربەخۆ یان بە شێوەیەکی ڕەخنە ئامێز لەسەر هەواڵەکان دەنووسن. وتیشی دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق بە پەلە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم هێرشە بکەن و تاوانباران ڕاپـێچی بەردەم دادگا بکەن و پەیامێکی توند بنێرن، ئەویش تاوانی دژی ڕۆژنامەوانان بەبێ سزادان تێپەڕ نابێت.
ئۆفیسی سەرۆک وەزیری عێراق ڕۆژی 10 ی مانگی حەوت لەسەر تویتەرەکەی نووسی "مستەفا کازمی سەردانی عەلی ئەلمگدام دەکات لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدا پاش ئەوەی هێزە ئاسایشیـیەکان لە دەستی ڕفێندەرانی ئازادیان کرد."
بەڵام چالاکوانان دەڵێن لە جادەیەکی گەڕەکی دۆرە عەلی ئەلگدام دۆزراوەتەوە.
لە 26 ی مانگی شەش، ئنستتیوتی واشنتن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک Washington Institute for Near East Policy کە ناوەندێکی توێژینەوەیە و بارەگاکەی لە ئەمەریکایـیە، وتارێکی عەلی ئەلمگدامی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەڵێت میلیشیاکانی سەر بە ئێران خۆپـیشاندەران و چالاکوانان دەکوژن، بەڵام دواتر وتارەکە لەسەر ماڵپەڕی ئنستتیوتەکە لابرا. CPJ پەیوەندی بە ناوەندەکە کرد هەتا هۆکاری لابردنی وتارەکە بزانێت، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە.
عەلی لە دوایـین ڤیدیۆی لەسەر فەیسبوک بەر لەوەی بڕفێنن، ئۆباڵی ڕفاندن و کوشتنی عێراقیـیەکانی خستە ئەستۆی میلیشیاکانەوە. بەپـێی ڕاپـۆرتە هەواڵیـیەکانیش عەلی بەشداری ناڕەزایەتیـیەکانی مانگی دەی ساڵی 2019 ی کردبوو کە لە دژی گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاریـیەکان بەڕێوەچوون.
بەپـێی کەناڵی ئەلجەزیرە، عەلی پـێشتر لە ئەنجامی هەڕەشەکانی لێی کرابوون لەسەر چالاکیـیەکانی و کاری ڕۆژنامەوانیـیەکەی هەڵهاتبوو بۆ ئستەنبوڵ و پاشان بۆ هەولێر و دواتر لە سەرەتای مانگی حەوتەوە گەڕایەوە بەغدا.
ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ ئیمەیڵێکی لە بارەی کەیسی عەلی ئەلمگدامی بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق نارد، بەڵام هیچ وەڵامیان نەداوەتەوە.