Accessibility links

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕۆژنامەوان و چالاکوانەکانی هەرێمی کوردستان دەکات


ڕێکخراوی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ پەیامێک ئاڕاستەی دکتۆر دیندار زێباری دەکات، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێونەتەوەییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا لەسەر دۆسێی ڕۆژنامەوان و چالاکوانە زیندانیکراوەکان.

لە سەرەتای نامەکەیدا، ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ باسی لە وردەکارییەکانی بڕیاری زیندانیکردنی چالاکوان و ڕۆژنامەوانەکان کردوە و دەنوسێت "ڕۆژی 28ی مانگی 4، دادگای چاوپێداخشاندنەوە بڕیاری 6 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر چالاکوانان و ڕۆژنامەواناندا (شیروان شێروانی، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید) وەک خۆی هێشتەوە. لەو بڕیارەیدا، دادگا گوێی لە قسەی گوناهبارکراوەکان نەگرت کە سەبارەت بە ئەشکەنجەدانیان و بەد ڕەفتارییەکانی تر بوون لە گرتوخانەدا و دادگا ئاماژەی بەوەکردووە کە هیچ بەڵگەیەک بۆ قسەکانیان نییە، لە کاتێکدا گوناهبارکردنی ئەو 5 چالاکوان و ڕۆژنامەوانە پشتڕاست دەکاتەوە بەوەی پارەیان لە کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا و ئەڵمانیا وەرگرتووە و هەروەهاش گواستنەوەی زانیاری هەستیار بۆ دەزگا بیانییەکان و هاوکاریکردن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا."

ئەمیستی ئینتەرناشناڵ دەنوسێت "ڕۆژی 16ی مانگی 2، دادگای تاوانەکانی هەولێر بڕیاری زیندانکردنی 6 ساڵی داوە بەسەر 5 ڕۆژنامەوان و چالاکواندا پاش دادگاییکردنێک کە بە ئاشکرایی ناڕەوا بووە پڕ بووە لە قسە و باسی ڕژد و ترسناک سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و بەد ڕەفتاریکردن لەگەڵ گیراوەکاندا و بڕیارەکەش پێدەچێت لەسەر بنچینەی تاوانی هەڵبەستراو بووبێت. لەوەتای ئەو بڕیارەش دراوە، چالاکوانەکان و ڕۆژنامەوانەکان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە وەک ناڕەزایی دەربڕینیک بەرامبەر ڕەوشی دەستبەسەرداگرتنیان. بەپێی زانیارییەکانی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ ئەو 5 چالاکوان و ڕۆژنامەوانە لە ژووری قەرەباڵغی زینداندا هێڵراونەتەوە و جێی نوستن و بەپێوە وەستان و هاتوچۆشی تیادا نییە. لەم ماوەی دەستگیرکردنانەشیاندا، بە زۆرە ملێیی ڕۆژنامەوان و چالاکوانەکان دیارنەماون و هەندێکیان بۆ ماوەی 3 مانگ لەبەرچاو نەبوون.

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەستبەجێی دەکات لە دکتۆر دیندار زێباری و بۆی دەنوسێت "لەژێر تیشکی ئەو زانیاریانەی سەرەوەدا، داوات لێدەکەین، دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک شیروان شێروانی، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید، ئازاد بکرێن و دەستبەجێ هەنگاوەکان بگیرێنەبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارە نایاسایی و سەرکوتکارانەکەی سەر ئەو چالاکوان و ڕۆژنامەوانانە و هەروەهاش متمانەدان بەوەی لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و کاریگەر بکرێت لەسەر قسە و باسی ئەشکەنجەدانیان و شێوەکانی تری بەد ڕەفتاریکردن لەگەڵیاندا، ئەم ڵێکۆڵینەوەیەش بە ئامانجی لێپێچینەوە کردن بێت لەوانەی ئەو کارانەیان کردووە و هەروەهاش بە ئامانجی گێڕانەوەی دادوەریی بێت بۆ چالاکوان و ڕۆژنامەوانەکان."

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ لە نامەکەیدا دەشنوسێت "تا کاتی ئازادکردنیشیان، داوات لێدەکەین دڵنیایی بدەیت بەوەی چالاکوان و ڕۆژنامەوانە گیراوەکان دەستیان ڕابگات بە خزمەتگوزاری تەندروستی بەپێی ئاکارەکانی ئەرکی تەندروستی، هەروەهاش پرەنسیپەکانی بە نهێنی هێشتنەوەی تایبەتمەندێتییەکان بپارێزرێت، هەروەهاش سەربەخۆیی و ڕێگەدان بە بینینی پارێزەرەکانیان و کەسوکاریشیان.

XS
SM
MD
LG