خۆپیشاندەرانی دژ بە کۆچبەری لە باکوری بەڕیتانیا پەنجەرەی هۆتێلەکانیان شکان و گڕییان بەردایە زبڵدانەکان، ئەمەش لە نوێترین خۆپیشانداندا کە بووەتە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ حکومەتە نوێیەکەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا کیێەر ستارمەر.
هەفتەی ڕابردوو سێ کچ لە هێرشێکدا بە چەقۆ لە پۆلێکی سەمادا لە ساوثپۆرتی باکوری ڕۆژئاوای بەڕیتانیا کوژران، لەو کاتەشەوە خۆپیشاندانی توندوتیژ لە شار و شارۆچکەکانی سەرانسەری بەڕیتانیادا دەستییان پێکردووە کە سەدان خۆپیشاندەری دژ بە کۆچبەری بەشدارییان تێدا کردووە.
گروپەکانی دژ بە کۆچبەری و موسوڵمانان بە " زانیارییەکی هەڵە " هاندران کە گوایە هێرشبەرە گومانلێکراوەکە کە ئەو سێ کچەی کوشتووە کۆچبەر بووە و ئیسلامییەکی توندڕەویش بووە. پۆلیس وتوویەتی گومانلێکراوەکە لە بەڕیتانیا لە دایک بووە. میدیاکانیش ئاماژەیان بەوە داوە کە خێزانی هێرشبەرەکە کریستیانن.
پۆلیس وتی پشێوییەکی توند لە شارەکانی سەرانسەری وڵاتەکەدا دەستییان پێکردووە، بە لیڤەرپووڵ و بریستڵ و مانچستەریشەوە، ئەوەش بووەتە هۆی دەستگیرکردنی دەیان کەس چونکە دوکان و شوێنی کارەکان تێکدراون و تاڵانکراون، هاوکات چەندین ئەفسەری پۆلیسیش بریندار بوون. حکومەت بەڵێنیداوە کارێکی توند بگرێتەبەر دژی ئەو کەسانەی کە بەشداری لە توندوتیژییەکاندا دەکەن.
ڕۆژی یەکشەممە سەدان خۆپیشاندەری دژ بە کۆچ لەبەردەم هۆتێلێکدا گردبوونەوە کە بەکارهاتووە بۆ میوانداریکردنی پەنابەران لە نزیک ڕۆتەرهامی باکووری بەڕیتانیا.
لە ڕۆتەرهام و لانکاستەری باکووری ڕۆژئاواش خۆپیشاندان هەبوون دژی خۆپیشاندەرانی دژ بە کۆچ، پۆلیسیش لە هەوڵی ئەوەدا بووە دوو گروپەکە لەیەکتر جیا بکاتەوە.
کاتێک خۆپیشاندانەکان لە بۆڵتنی نزیک مانچستەر دەستیپێکرد، پۆلیس وتی دەسەڵاتی زیاترییان پێدراوە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەدا کە کاری تێکدەرانە دەکەن.
سەرۆکی پۆلیسی مانچستەر ناتاشا ئیڤانس وتی بوونی پۆلیس لەوێ زیاتر دەکرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ڕووداوێکدا.
وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا یەڤیتی کووپەر ڕۆژی شەممە وتی " ئەوانەی کاری تێکدەرانە دەکەن ڕووبەڕووی قورسترین سزا دەبنەوە."
دوایین جار خۆپیشاندانی توندوتیژ لە بەڕیتانیا ڕوویدا بێت لە ساڵی 2011 دا بوو کاتێک هەزاران کەس ڕژانە سەر شەقامەکان دوای ئەوەی پۆلیس لە لەندەن تەقەیان لە پیاوێکی ڕەشپێست کرد و کوشتیان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز