ئەو خوێندکارە نەوجەوانەی خەڵکی کرماشان کە لەمدواییانەدا گیانی لە دەستدا بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ پۆلیسدا لەسەر پێشێلکردنی یاسای باڵاپۆشی وڵاتەکە، ڕۆژی یەکشەممە لە ژێر گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئاسایشێکی تونددا لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران بەخاک سپێردرا.
سەرەتا هەواڵەکە لەلایەن ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی هەنگاوەوە بڵاوکرایەوە کە بنکەکەی لە نەرویجە و چاودێری مافەکانی مرۆڤی ئێران دەکات، ئەندامانی خێزانەکەی ئارمیتا گەڕاوەندی تەمەن 17 ساڵ وتییان بەرپرسان ڕێگەیان نەداوە لاشەی کچەکەیان بگوازنەوە بۆ شارەکەی خۆیان بۆ کرماشان و لەوێ بینێژن.
هاوشێوەی زۆرێک لە شارە گەورەکانی دیکەی ئێران، ساڵی ڕابردوو خۆپیشاندانێکی گەورەی دژ بە حکومەت لە کرماشان بەڕێوەچوو، ئەوەش دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا. مەرگی گەڕاوەند دوای نزیکەی ساڵێک دێت لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران دژی حکومەت و یاسای باڵاپۆشی.
هەواڵەکان لەسەر بوونی ئاسایشێکی توند لە پرسەکەی گەڕاوەنددا ئاماژەیە لەسەر ئەوەی تاران نیگەرانی ئەوەیە شەپۆلێکی دیکەی خۆپیشاندان بەڕێوەبچێت.
گەڕاوند لە وێستگەیەکی میترۆی تاراندا دوای ئەوەی دەچێتە ناو میترۆکەوە بێهۆش دەبێت و دەکەوێت، گوایە کاتێک چووەتە ناو میترۆکەوە لەگەڵ ئەفسەرانی باڵاپۆشی ئێراندا بووەتە دەماقەڵەیان لەسەر ئەوەی ئارمیتا باڵاپۆش نەبووە.
دوای ئەو ڕووداوە دەزگای هەواڵ ئێرنای ئێران وتی " بە داخەوە دوای ئەوەی مێشکی زیانی بەرکەوتووە بۆ ماوەیەک بێهۆش بووە."
بەرپرسانی ئێران ڕەتی دەکەنەوە گەڕاوەند لە ئەنجامی چالاکییەکانی پۆلیسەوە بریندار بووبێت، هەفتەی ڕابردوو بەرپرسان ڕایانگەیاند ئارمیتا گەڕاوند مێشکی لە کارکردن وەستاوە، ئەوەش دوای ڕووداوەکەی 1 ی مانگی 10.
چالاکەوانانی دەرەوە دەڵێن ڕەنگە گەڕاوەند پاڵی پێوەندرابێت یاخود هێرشی کرابێتە سەر لەسەر ئەوەی باڵاپۆش نەبووە. هەروەها داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی ئەرکی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانییان کرد لە ئێران.
ئێرنا ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە پزیشکەکان دەڵێن هۆکاری مەرگەکەی ئارمیتا " دابەزینی کتوپڕی فشاری خوێن بووە."